دوربین_قلمسینما

ژیل دۆلوز و چەمکی سینەما

 

زۆربەی بیرمەندانی بواری سینەما لە سەر ئەو ڕایە کۆکن کە گرینگترین پرۆژەی تیوری سینەمایی لە سەد ساڵی رابردوودا هەمان پرۆژەی ناوازەی ژیل دۆلوزە  (Gilles Deleuze. 1925 -1975)کە ساڵی ١٩٨٣ لە ژێر ناوی  “سینەما یەک و سینەما دوو” کەوتە بەر دیدەی خوێنەران. هەوڵی ئەم کتێبانە لە پێناو ئەوەدایە کە هاوکات هەم نزیکایەتی فەلسەفە و سینەما بخاتە ڕوو هەمیش سینەما لە ژێر دەسەڵاتی فەلسەفە دەرباز کات. لای دۆلوز سینەما مێدیۆمێکی بە تەواوەتی سەربەخۆیە، واتە سینەما وەک فۆرمێک لە ئەندێشە. بە بێ ئەوەی بە لارێدا برۆین،تێگەشتن لەو چەمکانەی کە دۆلوز دەیانخاتە ژێر پرسیار تا رادەیەک قورسە . چون هاوکات پێویستی بە ناسینی کۆمەڵێک چەمکی فەلسەفی و زانیاری دەربارەی تیۆری فیلم و شارەزاییەکی قووڵ بە سەر مێژووی سینەمادا هەیە . هەڵبەت هەر لە سەرەتاوە دۆلوز ئاگادارمان دەکاتەوە لەوەی کە ئەم کتێبە مێژووی کرۆنۆلۆژیکی سینەما نیە و بەڵکوو شێوازێک لە مێژوونوسی سرووشتیە . یانی شێوازێک لە پۆلێن کردن کە خۆی بە ژانرەکان و جۆرەکانی سینەما نابەستێتەوەو هەوڵدەدات لە دیاردەناسی و زمانناسی دەربازمان کات. واتە هەوڵێکە لە پێناو پۆلێنکردنی وێنەکان و نیشانەکان کە دۆلوز وەک مەنتقی سینەما ناوی لێدەبات. لە یەکەمین ساڵەکانی بڵاوبوونەوەی ئەم کتێبە ، بڕێک لە ئاکادێمیە سینەماییەکان دژایەتی خۆیان لە گەڵ روانگەکانی دۆلوز دەربری و دیارترین هۆکاری ئەم دژایەتیەش ئەوە بوو کە لە نیگای مێتۆدۆلۆژیەوە ئەم پرۆژە نە درێژە و نە هاوشێوەی مێتۆدە پێشوەکان بوو کە زۆربەیان لە دوو روانگەی زمانناسی سۆسۆر و دەروونشیکاری لاکانی – فرۆیدی پێکهاتبوون. واتە تیوریە زاڵەکانی هەفتای زایینی وەک فۆرمالیزم و دیاردەناسی و توێژینەوەی گوتار و خوێندنەوەی دەرونشیکاری.

ئاماژە فەلسەفیەکانی دۆلوز لەم کتێبەدا بۆ دوو فەیلەسووفی جیاوازە. چارلز سێندێرس پێرس (١٨٣٩- ١٩١٤) مەنتقناسی پراگماتیستی ئەمریکی و هانری بێرگسۆن(١٨٥٩ – ١٩٤١) فەیلەسووفی فەرەنسی. پێرس ناوێکی ئاشنایە بۆ  نیشانەناسەکان و ئەو سامانەی کە بۆ پۆلێنکردنی نیشانەکان بە کاری ئەبەستێت یەکێک لە مەتریالەکانی دۆلوزە کە چەمکی “وێنە” ی پێ پێناسە دەکات. واتە مۆدێلی سێ کەرتی (Tridic model)   کە دۆلوز وەک “جەدوەلی مەندلیۆف لە کیمیادا ” بۆ خوێندنەوەی ” وێنە ” لە سینەما بەکاری ئەبەستێت  و هۆکاری کاردانەوەکەشی ئەوەیە کە لە دەرەوی “زمانناسی” ەوە هەوڵ دەدات بگاتە زانستێکی  نوێ بۆ خوێندنەوەی نیشانەکان و وێنەکان. دوهەمین و گرینگترین ناو لەم پرۆژە تیوری  سینەماییەدا “هێنری بێرگسۆن”ە  کە بەردی بناغەی خوێندنەوەکانی دۆلوز  لە سەر روانگەکانی بێرگسۆن دەربارەی چەمکی جووڵە (Movement) بنیاد دەنرێت. بێرگسۆن فەیلەسووفی سەردەمی پۆزۆویستەکان و هاوکات دژی  پۆزۆویستەکان بوو کە بەڕای دۆلوز یەکێک لەو کەسە ناوازانەیە کە توانیویەتی دەرگایەکی گەورە بۆ خوێندنەوەی سینەما بکاتەوە. بێرگسۆن بە پێچەوانەی ئەندێشەی سەردەمی خۆی رۆڵێکی گەورەی لە نۆژەن کردنەوەی زانستی مێتافیزیکی و ئەخلاقی و ئایینی لە فەلسەفەدا بەرێوە برد و لە سەر ئەو بڕوا بوو کە جیاکردنەوەی پاژەکانی زانست لەیەکتر دەبێتە هۆی لێکپچرانی پێوەندیە زاتیەکانی ئەو پاژانە. ئەو دەڵێت کە هەموو دیاردەکان لە جیهاندا خاوەن تایبەتمەندی “زەمەنی”ن و بەردەوام لە جوڵەدان. مانای زەمەن لای بێرگسۆن پێکهاتەیەکە لە “ئیستمرار” و “بەردەوام بوون ” و “بەدوادا هاتن” .  واتە جووڵە یان حەرەکە ئەو ئیمکانەمان پێنادات کە بە سەر چەن پاژدا دابەش بکرێت و دۆلوز بۆ شەرحی ئەم بابەتە ئاماژە دەدات بە پارادۆکسەکانی زێنۆ. ( لەم پارادۆکسەدا تیرێک لە کەوانەکەی رەها دەکرێت  بەرەو نیشانەیەک. زێنۆ دەڵێت ئێمە ئەتوانین کە  حەرەکە و جووڵەی ئەم تیرە بە سەر زەمەندا دابەشکەین. بۆ نموونە بڵەین کە لە چ چرکەیەکی تایبەتدا ئەم تیرە  چ مەودایەکی برێوە،  بەڵام قەت ناتوانین ئەو کاتە بدۆزینەوە کە تیر لە خاڵێکەوە بەرەو خاڵێکی تر رۆشتوە. واتە ناتوانین حەرەکە یان جووڵە ببینین). لێرەوە دەگەینە چەمکی ئیستمرار یان Duration . واتە درکێکی نوێ لە چەمکی زەمەن کە لە دەرەوەی  کرۆنۆلۆژی یان زەمەنی عیلمی و رۆژمێری دایە. دۆلوز  لە پێناو ساناکردنەوەی مانای   Duration  لە وت و وێژێکیدا لە گەڵ گۆڤاری کایە دۆ سینەما ئاماژە دەدات بە وتەیەکی فێدریکۆ فێلینی.: ” لەم ئەخیرانەدا فێلینی وتوویەتی کە ئێمە ئێستا هاوکات لە سەردەمی منداڵی و پیری و لاوەیەتیدا دەژین. ئەمە وتەیەکی سراپا بێرگسۆن یە.”  ئەم بابەتە روونکردنەوەی هەمان شتە کە لە خوودی کتێبەکەدا ئاماژەی پێدەدات. دۆلوز لە سەر ئەو بروایە  جەوهەری دیاردەکان لە سەرەتاوە خۆیان دەرناخەن و ناناسرێن بەڵکوو لە درێژەی پەروەردە و پێشکەوتنیدا ئاشکرا دەبێت، واتە کاتێک دەسەڵاتی ئەو دیاردە مسۆگەر کرابێت. لێرەوە دەتوانین چەمکی “مێژووی سروشتی” سینەما بناسین بە هەمان شێوە کە دۆلوز لە رێگەی بێرگسۆن ەوە بۆمان پێناسە دەکات. دیاردەکان لە سەرەتادا نوێ نین چونکە لە هەوڵی لاسایی کردنەوەدان. سینەما لە سەرەتادا چ وەک گۆشە نیگا  (Point Of view) و چ وەک زەمەن (Time) لە هەوڵی لاساییکردنەوەدا بووە. بۆیە بەردەوام کامێرا سابت و بە بێ جووڵە یە، هەروەها زەمەنی فیلمیک لە گەڵ زەمەنی واقیعدا یەکن (وەک نمونە فیلمەکانی برایانی لومیەر) . بەڵام لە درێژەدا بە نێوانجی مۆنتاژ، “وێنە” توانی خۆی لە  شوێنی سابت دەرباز کات و بە پشتیوانی جوڵەی کامێرا و رەهاکردنی گۆشە نیگا ، جەوهەر و زاتی حەقیقی سینەمای خوڵقاند. لێرەوەیە کە “وێنە” لە هەموو بەشە دیار و نادیارەکانیدا لە “شوێن” دەرباز دەبێت و چیتر چەمکێکی زەمانیە. بەڕای دۆلوز ئەمە سەرەتای سینەمایە وەک مێدیۆمێکی سەربەخۆ کە لە رێگەی ئەم ئیمکانەوە دەتوانێت ئەندێشە ئەزموون بکات و “دێکۆپاژە فەلسەفیەکانی”  تایبەت بە خۆی بخوڵقێنێت .

“وێنە” بۆ دۆلوز گرینگترین ئۆبژەی سینەمایە و ئەو تەفسیرەی کە لە “وێنە” هەیەتی جیاوازە لە  وێنە ی فۆتۆگرافی و سینەماتوگرافی. لای دۆلوز هەمووشتێک “وێنە” یە. واتە هیچ جیاوازییەک لە نێوان وێنە و بابەتی دەرەکی وێنە و زانیاری ئێمە دەربارەی ئەو بابەتە بوونی نیە. ئێمە بەردەوام لە “وێنە”کان کۆمەڵێک زانیاری وەردەگرین کە دیسان خوودی ئەو زانیاریانەش “وێنە” ن. دۆلوز مێتۆدەکەی خۆی لە سەر ئێلێمانە فۆرماڵەکانی سینەما وەک کادێر و مۆنتاژ و جووڵەی کامێرا و کالێر و رووناکی بنیاد دەنێت و ئەم ئێلێمانانە بە سەرەکیترین ماتریاڵەکانی سینەما بۆ ئەندێشە و پەروەردەکردنی “چەمک” دەناسێت. واتە “چەمک” وەک ئەمرێکی کراوە کە بەردەوام لە گۆرانکاری و سەیروورە و بوون (becoming)  دایە .

ئەگەر پێشتر خوێندنەوە سینەماییەکان دەبوونە پردێک لە نێوان بینەرەکان و فیلمەکاندا و هەوڵیاندەدا کە شەرح و تەفسیرێکی روون و مانادار بە دەستەوە بەن ، دۆلوز هەوڵدەدات تەنانەت ئەم پردە لە ناو بەرێت و هیچ مەودایەک نەهێڵێتەوە. خوێندنەوەی”  سینەما یەک ” فێرمان دەکات کە مەتریاڵەکانی سینەما بناسین و لە رێگەی ئەو مەتریاڵانەوە لە پرۆسەی داهێنانی فیلمەکاندا بەشداری بکەین . ئەمەیە ئەو خاڵە گرینگەی کە پرۆژەکەی ژیل دۆلوز دەکات بە گرینگترین بەرهەمی تیوری فیلم لە هەموو مێژووی سینەمادا.

 

سەرچاوەکان:

سینەما یەک. ژیل دۆلوز. وەرگێرانی :مازیار ئیسلامی. تاران . مینوی خرد. ١٣٩٢

مادە و یاد. هێنری بێرگسۆن. وەرگێرانی عەلی قولی بەیانی. تاران . دفتر نشر فرهنگ اسلامی. ١٣٧٥

وت و وێژی گۆڤاری “کایە دۆ سینەما” لە گەڵ ژیل دۆلوز . پاسکال یونیتزێر و ژان ناریۆنی . ١٩٨٣.