دوربین_قلمسینما

گروتێسکەکانی رۆی ئەندێرسۆن

دیارترین ناو لە سینەمای سووید “ئینگمار بێرگمان” ە. یەک لە ناوازەترین شاعیرەکانی سینەما کە رۆلێکی جیدی و کاریگەری لە سەر سینەمای سووید و بە گشتی سینەمای رۆژئاوادا هەبووە. دیارە کە سووید لە سینەمادا بە نیسبەت وڵاتەکانی تری ئەوروپا (وەک فەرنسە و ئیتالی و ئاڵمان و … ) خاوەن کەرەستەیەک و زمانێکی تایبەتی نەتەوەیی نیە و تەنانەت لە مێژووی سینەما لە بەستێنی سینەمای سکاندیناوی دەخوێندرێتەوە. واتە شووناسی سینەمای سووید گرێدراوە بە رووداوە مەزنەکانی سینەمای سکاندیناوی کە بەشێکی گرینگی قوورسایی ئەو مێژووە لە سەر شانی بەرهەمەکانی ” کارێل تیۆدۆر درایەر” ی دانمارکیە کە ئەویش پێشتر لە بێرگمان دەورێکی جیدی لە سینەمای هەمو ئەوروپادا بینیوە و تەنانەت وەک سەرچاوەیەکی جیدی بۆ گرینگترین رووداوەکانی سینەمای فەرنسە -کە لە پاڵ ئیتالی دا زیندووترین سینەماکانی ئەوروپا بوون –  ئاماژەی پێدەدرێت.

یەکێکی تر لەو ناوە گرینگانەی کە لە سینەمای هاوچەرخی سکاندیناوی لە سەرەتای سەدەی بیست و یەکدا گەشەی کرد  “رۆی ئەندێرسۆن”ی سویدی بوو کە دەکرێ بە شێوەیەکی سیمبوولیک وەک هێمای سووید سەیری کەین. کەش و هەوای سارد و هەوری و باراناوی وڵاتەکەی  لە فرەیم بە فرەیمی فیلمەکانی دا بە ستاتیکایەکی تایبەت وێنا دەکرێت. ئەو دەرهێنەرەی کە لە کادێرە سابت و بێ جووڵەکانیدا ، لە کۆمپزسیۆن و میزانسێن و کالێری وێنەکانیدا و تەنانەت لە هەڵس و کەوت و گریمی ئەکتەرەکانیدا هەوڵ ئەدات  زمانێکی تاکەکەسی و فۆرمێکی شەخسی بەدەستەوە بدات کە بە حەقیقەت رەفتارێکی تاک و یۆنیکە لە گەڵ چەمکی وێنە لە سینەمادا.

ئێگزۆتیک بوون و سێحراوی بوونی جیهانی ئەندێرسۆن هەر بە یەکەم بەرهەمیەوە، واتە “ئاشقانەیەکی سوویدی” ەوە دیارە . ئەمە لە حاڵێکدایە کە ئەم فیلمە کەمترین تایبەتمەندیەکانی سینەمای ئەندێرسۆنی تیایە و قسە لەوەدەکات کە هێشتا فۆرم و وێنەکان و تەنانەت مۆنتاژی فیلمەکە نەکەوتوەتە ئەو قۆناغە ڕادیکاڵەی کە لە فیلمەکانی دیکەیدا بە کاری ئەبەستێت. بەڵام بە گشتی خەبەر لە دەرهێنەرێک ئەدات کە لە گۆشە نیگایەکی رەخنەیی و پرۆبلێماتیکەوە سەیری دیاردەکان دەکات و چاوێکی دژە مۆراڵ و ناسازگارە.

دوای ئەم فیلمە ئەندێرسۆن بۆ هەمیشە ماڵئاوایی لە ریالیزم کرد و لە درێژەی چالاکیەکانیدا گەشتە فۆرمێکی شەخسی و بە گشتی سنوورەکانی خۆی تەحدید کرد. وەها کە هەر بینەرێکی ئاسایی سینەما تەنانەت لە رێگەی یەک فرەیمەوە دەتوانێت فیلمەکانی ئەندێرسۆن بناسێتەوە.

ئەم پێناسە شەخسیە پێکهاتەیەکە لە دوو ساحەتی جیهانبینی فەلسەفی و فۆرمی فیلم کە بە ئاسانی لە یەک جیا ناکرێنەوە. بەو مانا کە ستایلی سینەمایی ئەو دەرهێنەرە و رەفتاری لە گەڵ چەمکی وێنەدا گرێدراوە بە میراتێکی فیکری – فەلسەفی کە گووتارێکی گرینگ و ئەکتیڤ لە ئەندێشەی مۆدێرنی رۆژائاودایە و بە بێ ناسینی ئەو گووتارە، رەمزە ستاتیکاییەکانی کەشف ناکرێن.

ئەندێرسۆن زیاتر لە میراتی سینەمای سکاندیناوی، لە ژێر کاریگەری گووتاری زاڵی ناو رۆشنبیرە فەرەنسیەکانی دوای شەری دووهەمی جیهانیدایە و سەرچاوە فیکریەکانی دەگەرێتەوە بۆ ئەو قوتابخانە کە نیهیلیسمی شەر لە ئەوروپادا پێکی هێنا. بە تایبەت رۆمان و شانۆنامەکانی “سامۆئێل بێکێت “و “ئۆژێن یۆنسکۆ” و “هارۆڵد پینتێر”. واتە ئەو بەرهەمانەی کە مانیفێستی بێدەرەتانی و بێ داهاتوویی مرۆڤی مۆدێرن بوون و گەورەترین گرووتێسکەکانی جیهانی ئەدەب و هونەریان خووڵقاند. ئەگەرچی ئەم گووتارە دواجار چارەنووسێکی سەرلێشێواوی پەیدا کرد بەڵام لە سینەمادا و بەتایبەت لە فیلمە بەرجەستەکانی ئەندێرسۆن دا ژیان و حەیاتێکی نوێی ئەزموون کرد. بەڵکوو هەر بە پشتبەستن بە سوونەتەکانی ناو ئەم گووتارەوەیە کە لە بەشێکی سناریۆی فیلمە ئەخیرەکەی دا بە ناوی “کۆترێک کە لە سەر لقی دارێک دانیشتووەو بیر لە بوون دەکاتەوە”  دوو کەسایەتی ناسراوی شانۆنامەی “لە چاوەروانی گۆدۆ” ی سامۆئێل بێکێت، واتە “وڵادیمێر” و “ستراگوون” وەک فرۆشیاری کۆمپانیاکان دەچنە لای دووکاندارەکان تا بەرهەمەکانیان – کە دیانی دێراکوولا و کیسەی پێکەنینە – بفرۆشن. ئەوان دەڵێن دەمانەوێت کە خزمەت بە خەڵک بکەین تا سەرقاڵ بن و چێژ لە ژیانیان بەرن. (ئاماژە بە سینۆپسی فیلمەکەیە )

گرووتێسکەکانی ئەندێرسۆن کۆمپزسیۆنێکی زیرەکانەیە لە دوو چەشنی کۆمێدیا و وەحشەت. ئەگەرچی بەشی هەرکام لەم چەشنانە بە شێوەیەکی بەرابەر و نیواونیو دابەش ناکرێن بەڵام لە زۆربەی پلان – سێکانسەکانی ئەندێرسۆن دا لایەنە کۆمێدیاکەیە کە وەحشەت و هەراس بە دوای خۆیدا رائەکێشێت . بۆ نموونە بەرامبەر بوونەوە و رەفتاری ئەندێرسۆن لە گەڵ دیاردەیەکی کۆمەڵایەتی – شارنشینی وەک “ترافیک” لە سەرەتادا خوویەکی کۆمیکی هەیە و دۆخەکە دەخاتە قەیرانەوە بەڵام هێندە پێداگری لە سەر ئەو رەهەندە کۆمیکە دەکات و هێندە درێژەی پێدەدات تا شەوارەکانی وەحشەت بە سەر بینەردا زاڵ دەبێت. ئەگەر سنوورەکانی ریالیزم بە خوودی ئەو قوتابخانەوە نەبەستینەوە دەتوانین بڵەین کە هێندە لە ریالیزم دوور ئەکەوێتە کە ریالیستی دەنوێنێت.

ئەم کردارە دەگەرێتەوە بۆ فەهمی ئەندێرسۆن لە چەمکی “زەمان” . هەروەها کە پێستریش ئاماژەمان پێدا ئەندێرسۆن هەوڵ دەدات قائیل بە مەودایەک بێت لە نێوان خۆی و واقیع دا . بۆیشە زەمان و بە تایبەت زەمانی فیلمیک رەوتێکی نائاسایی دەگرێتە بەر و واقیعەکان هێندە هێور دەکرێنەوە کە بە ئاسانی ببیندرێن. واتە خوودی ریالیتی سلۆمۆشن دەبێتەوەو بۆیشە ئەکتەرەکان و باڵندەکان و بوونەوەرەکان و تەنانەت سیارە و شەمەندەفەرەکانی ناو ئەو فیلمانە خاوەنی کەمترین خێرایین و یان لانی کەم بە زەحمەت لە جووڵەدان.  خواردنەوەی فنجانێکی قاوە یان تەنانەت ئەکتێکی سێکسی لە گوزەری هەجووی زەمانەوە دەگێردرێتەوە. لێرەوەیە کە ئیمکانەکانی سینەماتووگرافی بەو مانای کە پێشتر “رۆبێرت برێسۆن” پێناسەی دەکات لە فیلمەکانی ئەم دەرهێنەرەدا فۆرمێکی خوڵقێنەرانە و بەدیع پەیدا ئەکات.

فیلمەکانی ئەندێرسۆن هاوشێوەی دەرهێنەرە بەرجەستەکانی سینەما تا ڕادەیەک قەرزاری هوونەری نەققاشیە و بە شێوازێکی راستەوخۆ کاریگەری تابلۆکانی ” ئێدوارد هۆپێر” ی ئەمریکی  پێوە دیارە. بە تایبەت تابلۆی “شەوگەڕەکانی” هۆپێر کە بیرهێنەرەوەی سێکانسی کافەتریای فیلمی “ژاوە ژاوێک لە نهۆمی دووهەمەوە” یە. لەلایەکەوە فۆکسی قووڵایی وێنە و گۆشە نیگای کامێرا و لە لایەکی دیکەشەوە مرۆڤە تاک و تەنیا و ساردەکانی ناو ئەو کۆمپزسیۆنە فلات و تەختە خۆی رەفتارێکی رادیکاڵی نەققاشانەیە لە سینەمادا. بۆیشە ئەندێرسۆن ئەگەرێتەوە بۆ میراتی کلاسیکەکان و لە ستۆدیۆ فیلمەکانی بەرهەم دەهێنێت. ئەمە خەسلەتی سەرەکی زۆربەی ئەو دەرهێنەرانەیە کە دەیانهەوێت تەنانەت نادیارترین جووزئەکان و پاژەکانی هەر کادێرێک کۆنترۆڵ بکەن و مەجال بەوە نەدەن کە رێکەوت و هەڵکەوت تەئسیر لە سەر وێنەکانیان دابنێت. واتە هەموو رووداوەکان لە ئیرادەی دەرهێنەرەوە سەرهەڵئەدات و هەموو پێکهاتەکان  لە ژێر نیگای ووردبینانەی دەرهێنەرەوە وێنا دەکرێن.

رۆی ئەندێرسۆن بە سینەماکارێکی کەم کار دەناسرێت و مەودای نێوان بەرهەمهێنانی فیلمەکانی درێژە. بەڵام هەمیشە هەواڵی بڵاو بوونەوەی بەرهەمەکانی بۆ سینە فیلەکان، واتە بۆ ئاشقەکانی سینەما دڵخۆشکەرە. بۆیە دوای هەواڵی خەڵاتی ڤێنیز هەموو چاوەروانین کە بزانین چی لەم بەرهەمەدا روو ئەدات و لەم ماوەی بێدەنگیەیدا چ گۆرانکاریەک بە سەر جیهانبینی و ستاتیکای ئەندێرسۆن دا هاتووە. بە تایبەت کە ئاشکرابوونی چیرۆکی فیلمەکە لە هەواڵەکاندا، خەبەر لە فیلمێکی نائاسایی بەڵام ئەندێرسۆنی ئەدات.