دوربین_قلمسینما

عێراق، ساڵی سفر

جەنگی جیهانی دووهەم جارێک لە واقیعی مێژووی رۆژئاوادا روویداو سەدان جار لە سینەما دا . کەم دەرهێنەری بە ناوبانگ هەیە کە  بە شێوەی راستەوخۆ دەروازەیەکی لەو شەرە نەکردبێتەوە، یان ناراستەوخۆ لە ژێر کاریگەری ئەو تروما مێژوویەدا نەبووبێت. بە قەبووڵ کردنی “تراژیدیا” بوونی ئەو شەڕە خۆی دەرفەتێکی گەورە بوو بۆ رۆژئاوا. تراژیدیا وەک مەجالێکی ئەپیستمۆلۆجی، واتە :مێژوو لە چنگی مەعریفەدا. فیلمی “ئەڵمانیا، ساڵی سفر” ی رۆبێرتۆ رۆسیلینی (دەرهێنەری بەناوبانگی ڕیالیزمی نوێی ئیتالیا) نزیکترین نمونەیە بۆ ڕونکردنەوەی ئەم بابەتە: لە ناو کەلاوەکانی بەرلینی ١٩٤٦ دا کە تەنانەت خواردەمەنیە سادەکان بە دژواری دەست ئەکەوێت “ئیدمۆند” بچوکترین کەسی ئەو بنەماڵەیە کە بۆمبەکانی سوپای سوور و هێزە هاوپەیمانەکان وەک هەموو شتەکانی تر وێرانی کردوە. باوکی ئێدمۆند بە دەم ئازاری نەخۆشیەکی قورسەوە بەردەوام دەناڵێنێت و لە خۆی وەڕسە کە بۆتە بار بەسەر مناڵەکانی و هیچی لە دەست نایەت. براکەی ئێدمۆند سەربازی هیتلەر بوەو ئێستا لە ترسی ئەو بارودۆخەدا خۆی شاردۆتەوەو خوشکە گەورەکەشی ئاوارەی سەر شەقامەکانە و هەموو قورسایی هەلسووراندنی ئەو بناماڵە دەکەوێتە ئەستۆی “ئێدمۆند”. ئەو بە رێکەوت لە ناو شەقامە وێرانەکاندا مامۆستای قوتابخانەکەی دەبینێت و یارمەتی لێوەردەگرێت و لە درێژەی ئەو پەیوەندیە بەردەوامەدا دەچێتە ژێر کاریگەری ئامۆژگاری ئەو مامۆستا رەگەزپەرەستەوە. واتە ئەو کارەکتەرەی کە پاشماوەی نازیسمەو بەردەوام هەوڵدەدات خۆی لە منداڵەکانی ئەڵمانیادا بژیێنێتەوە. ئێدمۆند لە ناکاو دەبێتە سۆبجێکتی راسیسم و وەک دەستپێک تاو دەداتە  کوشتنی باوکی. ئەو باوکە نەخۆش و بێدەسەڵات و  لاوازەی کە  بە تەفسیری مامۆستاکەی شایەنی مردنە. ئەمە خۆی سەرەتای پاشەکشێ کردنی ئێدمۆندە لە ژیانی کۆمەڵایەتی و لە درێژەی واقعی فیلمەکەدا تا رادەی ئۆتیسمێکی تۆقێنەر پێش دەکەوێت. تا ئەو رادەی کە لە دوایین دیمەندا ئێدمۆند لە بینایەکی بەرزەوە خۆی فرێدەداتە خوار و باوەش بۆ مەرگ دەکاتەوە. ئەو ئەکسیۆنەی کە “ئێدمۆند” بە کاری دێنێت زیاتر لە خۆکوشتنە ، واتە بە مانا فرۆیدیەکەی کوشتنی ئەو جیهانەیە کە هیچ مانایەک ناتوانێت بۆشاییەکانی پر بکاتەوە . لە واقیعدا رۆسیلینی پێمان دەڵێت کە ئێدمۆند نەک خۆی بەڵکو ئەڵمانیا دەکوژێت. ئەڵمانیای ساڵی سفر.

سلاڤۆی ژیژەک لە کتێبی”چێژ لە سیمپتۆمەکانی خۆت ببینە”، بەجوانی ئەم فیلمە ڕوندەکاتەوە. ئەو ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە ئێدمۆند دەیتوانی لە فیلمێکی ئاساییدا ببێتە بابەتی هاودڵی و هاوخەمی بەردەنگ. بەڵام لەم فیلمەدا بە هۆی تاوانی باوک کوژیەوە چیدی رۆڵی “سفر” دەبینێت. واتە ژمارەیەکی بۆش، ژمارەیەکی هیچ و بێ مانا کە ئیمکانی کاتارسیس لە بەردەنگ دەسێنێتەوە. ئەو ژمارەی کە بە توندوتیژیەکی ئەهریمەنیەوە هەڵدەستێت بۆ سەلماندنی ناکارامەیی بنەمای ئەو ئیدۆلۆگانەی کە لە کاردان. ئێدمۆند دەبێتە پردی نێوان قسە و کردە. ئەو لە رێگەی مامۆستاکەیەوە دەبێتە پۆستچی وەسیەتنامەکەی رایشی سێیەم بۆ مرۆڤی ئەڵمانی و وەک قوتابیەکی زیرەک کردە دەبەخشێت بەو توانا شاردراوەی کە بەرهەمی ساڵەکانی دوای سەربەستی ئەڵمانیایە. ئەو توانایەی کە زیادە و پاشماوەی گەورەترین و درندەترین هێزی ئەوروپا بوو.

ئەگەر بناغەی ئایدۆڵۆژیەکان لەبەرچاو نەگرین، عێراقی پاش ٢٠٠٣ نمونەیەکی بچوکە لە ئەڵمانیای ١٩٤٥. لێرەوە دەکرێت کێشەکانی رۆسیلینی بگوێزینەوە بۆ رۆژهەڵاتی ناوەراست و لەقەوارەی سەرەکی ترین پرسیارەکاندا بەرامبەریان ببینەوە. ئاشکرایە کە شەوارەی گروپ گەرایی گەورەترین نەخۆشی ئەم سەردەمەیە لە رۆژهەڵاتی ناوەراست و دوای روخانی سەدام، عێراق بوو بە سەکۆی شانۆی ئەکتەرە جەنگاوەرەکانی ئەو شەرە. سیاسەتی واقیع خۆی لە ماناکان دەپارێزێت و لە رێگەی میدیاکانەوە ئیماژێک لە تێرۆریسم وێنا دەکات کە درندەیە و وەحشە و نا-مرۆڤە. ئەم ئیماژە گرێدراوە بە فاندامێتالیسمی ئیسلامیەوە و تەنانەت خاوەنی فیگەرێکی تایبەتە کە لە سینەمای هۆڵیووددا بە دشداشە و عابا و ریشێکی درێژەوە  وێنا دەکرێت. نکۆڵی لە بوونی ئەم هێزە و دڕندەیی و دڵرەقیەکەی ناکرێت. بەڵام حەقی ئەو پرسیارەمان بۆ ئەهێڵێتەوە کە بزانین گەشەی سیاسی و پێگەی کۆمەڵایەتی ئەو هێزانە لە کوێوە دێن؟

ئەگەر بمانەوێت بە پرسیارەکەی “ئەڵمانیا، ساڵی سفر”ی رۆسیلینیەوە بەرەو پیری بابەتەکە بچین ئاشکرایە کە دەبێت   بەدوای ئێدمۆند دا بگەرێین . بەڵام ئەو ئێدمۆندە فاندامێنتالیستەی کە منداڵی حەڵال زادەی دوو هێزی دژوازی وەک : مێلیتاریسمی عەرەبی – بەعسی و دێموکراسی ئەمریکاییە. لە واقیعدا “قاعیدە” و “داعش” چ لە سوریا و چ لە ئەفغانستان و چ لە عێراق خۆیان بە جێگرەوە و پێویستی سەردەم دەزانن و لە دەرفەتی بۆشایی لاوازبوونەوەی فەرمانڕەوا دیکتاتۆرییەکانی ئەو وڵاتانە لە ژێر جەختی سوپای ئەمریکادا گەشەیان کردوە. وەک ئێدمۆند کە لە باوەشی نازیسمدا لە دایک بوە و لە ئامێزی هێزە هاوپەیمانەکان و سوپای سووردا خۆی دەکاتە قوربانی.

بەڵام چ ئێدمۆندی باوک کوژ و چ خۆکوژە ساویلکەکانی فاندامێنتالیسم، وەک ژیژەک ئاماژەی پێدەدات: ژمارەیەکی بەتاڵ و بۆشن و “بە شێوەیەکی سیمبولیک مردوون” . واتە  بونیان و خۆکوشتنیان ئاماژەیەکە بۆ مامۆستا. ئاماژەیە بۆ لۆگوس و قسە. وەک مامۆستاکەی ئێدمۆند کە ڕواڵەتی ئاشکرای کەلامی ئیدۆلۆگە و هەموو ئامێرەکان لە خزمەتی ئەوەدایە کە ننیشانەیەکی ئاشکرا بێت بۆ سەلماندنی تێزە رادیکاڵەکەی ئەو. هەمان بارودۆخ کە هەژمونێکی تیرۆریستی وەک “خەلافەتی ئیسلامی” یان “داعش” دەخوڵقێنێت  و بەرەنگاری دەکاتەوە لە گەڵ هێزێکی تیرۆریستی تردا کە ناوی “دەوڵەتی یاسای”ە . واتە ئەو دەوڵەتەی کە دەسکەوتی چەشنێک لە دێمۆکراسی پارلێمانیەیە کە سوپای ئامریکا بەرهەمی هێناوە و تەنانەت ئەگەر دەسەڵاتی دەوڵەتی لێوەرگیردرێتەوە هاوشێوەی دوژمنەکەی رەفتاری تیرۆریستی دەکات.

ئەگەر چی نابێ ئەوە لە یاد کەین کە خۆکوشتنەکەی ئێدمۆند لە دوا دیمەنی فیلمەکەدا جۆرێک پاشگەزبوونەوەیە و تەنانەت ئەکسیۆنێکی پیرۆزە و هاوشێوەی ئەو رەفتارە خۆکوژیانە نیە. بەڵام لە رێگەی ئەو گۆشە نیگایەی کە رۆسیلینی بۆمان دەکاتەوە، دەکرێت لەوە تێبگەین کە  بوونی تیرۆریسم جیا لە لایەنە نەرێنییەکانی خۆی نیشانەی ناکارامەیی و پوچەڵ بوونەوەی ئەو ئیدۆلۆژیانەیە کە بزوێنەر(مەکینە)ی سیاسی هەمان کۆمەڵگا ئیشی پێدەکات.

ئەڵمانیا نزیکەی سی ساڵ دوای “ساڵی سفر” بە دوو پارچەیی ژیا. ئێستا “ساڵی سفر” ی عێراقە و چیدی سینەما ناتوانێت پێشبینی ئەوە بکات کە چەنێک لەم دۆخەدا دەژی و چی لێبەسەردێت؟