دوربین_قلمسینما

گەشتێک بە ناو دوورگەکەی «ئینگمار بێرگمان» دا (۲)

کۆی ئەم یادداشتانە بە پێشنیاری هاوڕێم “شاهۆ عارف” بەڕێوەبەری سەنتەری پێرسۆنا  نووسیوە کە ساڵی رابردوو لە نامیلکەیەکداو لەگەڵ پەکەیجی دی‌ڤی‌دی بەرهەمەکانی بێرگمان لە  لایەن ئەو سەنتەرەوە چاپ و بڵاوکراوەتەوە. هەر بۆیشە یادداشتەکان زیاتر لەوەی کە خوێندنەوەیەکی رەخنەیی و فۆرمالیستی بن، هەوڵێکی سێمیۆلۆجیکە بۆ ناساندن و ماناکردنەوەی جیهانی ئەندێشەیی بێرگمان. بە تایبەت ئەو لایەنە  ئیلاهیاتی- مەسیحیەی کە دەورێکی گرینگی لە ستاتیکای فیلمەکانی بێرگماندا بینیوە. جێی ئاماژەیە کە  هاوڕێ خۆشەویستم “حەمە قادر” ئەرکی پێداچوونەوەی نووسراوەکەی گرتە ئەستۆ.

 

… درێژەی بەشی یەکەم:

 

لە ناو ئاوێنەوە بە تاریکی

Through a Glass Darkly

۱۹۶۰

 

 

ئەم فیلمە دەسپێکی قۆناغی دووهەمی سینەمای بێرگمانە. واتە سەرەتاییترین بەرهەمی سێینەى “ئیمان” کە لە درێژەیدا بە فیلمی “ڕووناکی زستان و لە کۆتاییدا بە فیلمی “بێدەنگی” دەگاتە ئەنجام. ئیگزیستانسیالیزمی خوداباوەڕی بێرگمان لە قۆناغی یەکەمیدا لێورێژە لە دوودڵی و دڕدۆنگی. کارەکتەرەکان هاوشێوەی پاڵەوانە کلاسیکەکان رەفتار دەکەن و فۆڕمی گشتی فیلمەکانیش دوورە لە ئەزمونکردن و ورەی شکاندنی ستراکچەری نەریتییانی درام. “لە ناو ئاوێنەوە بەرەو تاریکی” دەبێتە سەرەتایەکی بەهێز بۆ لەدایکبوونی بێرگمانێکی دیکە کە لەهەموو ڕوویەکەوە ڕادیکاڵە. واتە چ لە فۆرم و چ لە ناوەرۆکیشدا. لێرەدایە کە بێرگمان پردێک لە نێوان پێوەندی مرۆڤەکان و ئاییندا درووست دەکات و لە فیلمەکانی دیکەی ئەم سێینەیەدا درێژەی پێدەدات.

پرسی”ژن” و “خودا” لەم قۆناغەدا ئاشکراتر و ڕاستەوخۆتر دێتە ناو سەنتەری فیلمەکانەوە. ئەگەرچی لە سینەمای بێرگماندا هەموکات “ژن” پرۆبلێمێکی سەرەکی بووە، بەڵام سیمای سایکۆتیک و شیزۆفێرێنیکی کاراکتەرە ژنەکانی لەم فیلمەوە دەسپێدەکات. واتە هەموو ئەو لایەنە کۆنسێرڤاتیڤاتەی کە باڵی بە سەر ژنەکانی ناو ” شیلکە کێوییەکان” و “مۆری حەوتەم” و تەنانەت” مۆنیکا”شدا کێشابوو، لە ناو دەچێت و لە ڕەهەندێکی نوێترەوە دێنە بەرچاوی کامێراکەی ئەم دەرهێنەرە. لەمەودوا چەمکی “ژن” بە مانای پاژێکی دانەبڕاو لە سروشت. غەریزەیەکی ڕاستەقینەیە. چیتر “ژن” ئۆبێکتێکی نامۆ لە خۆی نییە و تەنانەت دەسەڵاتێکی خوداوەندانەشی بە سەر هەستەکان و ڕووداوەکانی دەوروپشتیدا هەیە.
کارین (Harriet Andersson) لە حەساری تەسکی سێ پیاوی گرنگی ژیانیدایە و (بەدەر لە برا بچوکەکەی ) هەست بە سنوورێکی بەرز دەکات لە نێوان خۆی و ئەو دوو پیاوەی بەرامبەریدا. واتە باوکی و مێردەکەی. بۆیشە بەردەوام لە بەرامبەر ئەواندا دەیبینین. دەیڤد و مارتین وەک دوو دیوی کەسایەتیەک دەردەکەون کە وێڕای هەموو دژوازییەکان، سەرەنجام نیگایەکی هاوبەشیان سەبارەت دۆخی نەخۆشییەکەی کارین هەیە. بۆیە بێرگمان بەردەوام ئەو دوو کەسایەتیەمان لە پاڵ یەکتردا پیشان دەدات. ئەوان پێکەوە دەچن بۆ ڕاوەماسی، لە سەر مێزی نانخواردن لە لای یەکتر دادەنیشن و تەنانەت پێکەوە دەچن بۆ کڕینی پێداویستییەکان لە شار. دەیڤد (Gunnar Björnstrand ) وەک بابەتێک و ئایدیایەک بۆ نوسین سەیری نەخۆشییەکەی کارین دەکات و مارتین(Max von Sydow) یش بە بەزاییەوە بۆ ئەو دۆخە دەڕوانێت و خۆیشی هێندە لاوازە کە ناتوانێت لە دژوارییەکاندا چاودێریی کارین بکات. لە بەرامبەر ئەم دوو پیاوە لاوازەدا کە نووقمی شکستەکانی خۆیانن، کارین هەرچی زیاتر لە برا بچووکە مێردمنداڵەکەی نزیک دەبێتەوە و بەردەوام ئاماژە دەدات بەوەی کە مینۆس (Lars Passgård ) تاکە مرۆڤێکە کە دەتوانێت متمانەی پێبکات. چونکه پێشتر بێرگمان پێمان دەڵێت مینۆس هێشتا پێی نەناوەتە یاسا و پرێنسیپبەکانی زمانێکی پیاوانە و جیهانی هەستەکانی وەک کارین سروشتی و غەریزیە. مینۆس خاوەنی سەلامەتییەکی رۆحی و جەستەییە کە کاتێک باوکی لە دوادیمەندا دیان بەوەدا دەنێت: خودا هەمان عەشقە، نەک مەیل بۆ نووسین، بەڵکو مەیل بۆ ڕاکردن هەموو جەستەی داگیر دەکات.
دەیڤد لە گەڵ بنەماڵەکەی نامۆیە: ئەو دیارییانەی کە لە سەفەرەکەی سویسرا بۆی هێناون قوڵایی ئەم نامۆییە دەردەخات. دەسکێشەکانی کارین بچوکترە لە دەستی و سەعاتەکەی مینۆسی لە ستکهۆڵم کریوە و بۆ مارتینیش دیارییەکی هێناوە کە خۆی پێشتر هەیبووە. وڵامی کارین و مینۆس بۆ ئەم نامۆییە ترسناکترە. دیاری ئەوان بۆ باوکیان ئەو شانۆیە کە دۆخی هونەرمەندێکی ترسنۆک پیشان دەدات کە خۆی لە ئەزمونە حەقیقیەکانی عەشق دوور دەگرێت و ئەمەش دەبێتە هۆکارێک بۆ دڵەڕواکێ و شڵەژاوی ئەو. کەراکتەری ئەم شانۆیە وەک دەیڤد تووشی ئازاری گەدە بووە و لە خۆی بێزارە.
بێرگمان پێمان دەڵێ کە پەیوەندییەکان شکستی هێناوە و تاکە کەسێک کە هەست بە قوڵایی ئەم شکستە دەکات “کارین”ـە. چوونکە کارین توانای بیستنی دوورترین دەنگەکانی هەیە و تەنانەت توانای ئەوەی تیایە کە دەنگی “ئەوانی تر” یش ببیسێت. واتە ئەو دەنگانەی کە لە پاش دیوارەکانەوە بانگی دەکەن و دنەی دەدەن دەفتەری بیرەوەرییەکانی باوکی بخوێنێتەوە و بەزەییەکانى مارتین بناسێتەوە و تەنانەت لە گەڵ مینۆسدا بخەوێت. بەڵام ئەو دەنگانە کێن؟ نزیکترین وڵام بۆ ئەم پرسیارە، غەریزەیە، ئەگەر نامۆبوونی دەیڤد و مارتین لە خۆیان، هۆکارەکەی دەستەمۆکردنی غەریزە بووە بە ئامێرەکانی عەقڵ و هەر ئەمەش بۆتە هۆکاری ترسنۆکی و لاوازبوونیان، لە بەرامبەردا کارین دەرفەت دەدات بەو غەریزانە کە بە هێزە نادیارەکانیان داگیری بکەن و سروشتە بنەماییەکانی مرۆڤی تێدا زیندوو بکەنەوە. ئەو سروشتەی کە لە گەشەکردنی مەدەنیەتدا هەرچی زیاتر پاشگوێ خراوەوە و چیتر تەحەمولی ئەم سەرکەشیە سروشتیانەی “کارین” یشی پێناکرێت. چونکە کارین قوڵایی دەرونی دەیڤد و مارتین و مینۆسی ناسیوە و هەر ڕەفتارێکی، دەبێتە هۆکارێک بۆ دەرکەوتنی دژوازیی و بێ ئیمانی و نەفرەتە دەروونیەکانی ئەوان. کەواتە کارین لەمپەرە و دەبێت بگەرێتەوە بۆ نەخوشخانە. ئەو لە کاتێکدا کە چاوەڕێی خودای دەکرد کە لەو دەرگا بێتە دەر، تەنیا جاڵجاڵۆکەیەکی بینی کە بە سەر جەستەیدا هەڵگەرا و دەیویست بیخنکێنێت. ئێمە جاڵجاڵۆکەکە نابینین بەڵام لە کاتی کرانەوەی دەرگاکەدا دەنگی کۆپتەرێک دەبیستین و لە پەنجەرەکەوە هەمان کۆپتەر دەبینین کە لە لایەن نەخۆشخانە هاتووە بیبات.
ئەم فیلمە تەنیا بەرهەمی بێرگمانە کە پێشکەش بە کەسێک کراوە : بۆ هاوسەرەکەم” شێبی”. هەروەها بە کارهێنانی سویتی ژمارەی ٢ی باخ (Suite No. 2 in D Minor: Sarabande) کەشوهەوایەکی تایبەتی بەم فیلمە بەخشیوە و یارمەتیمان دەدات زیاتر لە ژێرخانە ئیحساسیەکانی ئەم بەرهەمە نزیک ببینەوە . خۆشەویستی بێرگمان بۆ ئەم سویتە دەبێتە هۆی ئەوەی کە دواجار لە فیلمی “ساراباند” دا ئاوڕی لێبداتەوە.

 

ڕووناکی زستان

Winter Light

۱۹۶۳

 

 

 

 

قەشەیەک کە دەبوو تیماری رۆحی مرۆڤەکان بکات، خۆی توشی دڕدۆنگی و بێ ئیمانی بووە و ناتوانێت چارەسەری خۆی بکات. ئەمە هێڵی سەرەکی ئایدیایەکە کە ساڵانێکی زۆر بێرگمان بە شوێنیدا وێل بووە و سیمای هەموو جۆرە مرۆڤێکی لە کاتی بێ ئیمانی و بێ عەشقیدا تاقیکردۆتەوە تا ئامادە بێت بۆ ئەم دەرفەتە. ئانتۆنیۆس بلۆکی سوارچاک و پرۆفێسۆر بۆرگی دوکتۆر و دویڤیدی نووسەر هەموویان لە دەروونی ئەم قەشەیەدا کۆ دەبنەوە کە بێرگمان لە ڕووناکی زستاندا ڕووی تێدەکات.

سەرەتاییترین دیمەنی ئەم فیلمە، واتە دیمەنی دۆعاکردن لە کلێسەکەدا هاوکات درێژترین دیمەنی ئەم فیلمەیە کە لە ماوەی ۱۲ خولەکدا بە وردی هەموو جوگرافیای فیلمەکەمان پێدەناسێنێ و تەنیا لە رێگەی وێنەکانەوە و بە یارمەتی پۆزشنی کەسایەتییەکان بارودۆخی دەروونی ئەوانمان بۆ شیدەکاتەوە. وەکچۆن رۆبین وودی ڕەخنەگر بە وردی ئاماژەی پێدەدات، ئەم دیمەنە دەتوانێ نمونەی ناوازەترین شێوەی ناساندنی کەسایەتیەکانی فیلمێک بێت لە هەموو سینەمای جیهاندا: تۆماسی قەشە (Gunnar Björnstrand) لە کاتێکدا کە بەشێک لە دواخوانی (Last Supper) ئینجیل دەخوێنێتەوە، دڕدۆنگی و ترس و بێ ئیمانی، بە ڕواڵەتیەوە دیارە و هەڵامەتەکەشی دەبێتە هۆکارێکی یارمەتیدەر تا سیما شڵەژاوەکەی زیاتر دەربکەوێت . یوناس پێرسۆن (Max von Sydow) بێ ئەوەی گرنگی بدات بە دەقی نزاکان، چاوی لە عەرز نوقاندووە و نوقمی بیرکردنەوەی خۆیەتی و تەنیا بە دەنگی ئاوازی ئۆرگەکە لەو خەیاڵە قووڵانە دێتە دەر. نامۆیی و بێ هەڵوێستی لە سەرانسەری ئەو مەراسیمەدا بە ڕواڵەتی کارین (Gunnel Lindblom) ـەوە دەبیندرێ و مارتا (Ingrid Thulin) ش هەر وەک لە درێژەی فیلمەکەدا ئاماژەی پێدەدات هیچ بڕوایەکی بەم عیبادەتە نییە و وەک شانۆیەک سەیری دەکات. جیا لەو پیرێژنەی کە نوقمی مانا و چێژی ئەو نزایە بووە، ئەوانی تر هەمویان وەک ئەرکێکی ئایینی ئەنجامی دەدەن و تەنانەت ژەنیاری کلێسەکە بە ڕەفتارەکانی هەموو بایەخی ئەو نوێژە پوچەڵ دەکاتەوە . بێرگمان لە ڕێگەی ئەم پێشەکییە درێژەوە، ئەو جیهانبینیەمان نیشان دەدات کە کۆی کارەکتەرەکەنی داگیر کردوە. ئیمە چ لە ڕووی تەلارسازی کلێسەکەوە، چ لە ڕووی جوگرافیای ئەو کۆمەڵگاوە. تێ دەگەین کە دۆخی ئەو سەردەمەی کە ڕووداوەکەی تێدا روودەدات، دۆخی شوێنێکە لە نێوان مۆدێرنیزمی شار و پاستۆڕالێزمی دێهاتدا. ئەو لۆکەیشنانە نە بە تەواوەتی شارن و نە بە تەواوەتی دێهاتن. ئێمە هەم ئەو پیاوە دەبینین کە بە ئەسپێکەوە بە قەراخ قوتابخانەکەی مارتا دا تێپەر دەبێ و هەم ماسیگرێک دەبینین کە ئۆتۆمبێلێکی سەردەمیانەی لە ژێر پێدایە. ڕووناکی کلێسەکان و دەنگی زەنگەکان بە کارەبا ئیش دەکات و پردە ئاسنیەکان و شەمەندەفەرەکانیش دەبینین. بۆیە لە کاتێکدا کە یوناس لە پاڵ ئەو پردەدا خۆی دەکوژێت، ئێمە غەیری دەنگی رووبارەکان هیچ شتێکی دیکە نابیستین و لە کاتێکیشدا کە تۆماس هەواڵی مردنی یۆناس بە کارین (هاوسەرەکەی) دەدات. دەنگی شەمەندەفەرەکان دەبیستین. واتە سەردەمی ڕووداوەکان سەردەمی “مەرگی خودایە” و دیاردە عەقڵانیەکان بە هەموو کەشوهەوای فیلمەکەوە دەبیندرێت. هەموو ئەم ڕووداوانە لە پەراوێزی پەیوەندیە ئاڵۆزەکەی مارتا و تۆماسدا ڕوودەدەن. شکستی تۆماس هەمان بێ هیواییەتی بەرامبەر بە عەشقە بێ سنوورەکەی مارتا. ئەوکاتەی کە ترسی یۆناس لەو نەفرەتەی کە قەرارە جیهان لەناوبەرێت گرێ دەدرێتەوە بە نائومێدیەکانی ئەو، هێندە لاواز دەبێتەوە کە ناتوانێت قەناعەت بەو ماسیگرە بێنێت. کەواتە وەک مەسیحێکی تەنیا، دەڵێ: خوایە بۆ بەجێتهێشتوم (ئاماژە بە دوایین وتەکەی مەسیح بە سەر خاچەوە کە دەڵێت : ایلی ایلی لما سبقتنی!) بێرگمان لەم کاتەدا هەموو کادرەکە پڕدەکات لە ڕووناکی و ئەمەش دەبێتە هۆکارێک کە نەزانی و گێلیەتی تۆماس دەربارەی ژیانی خۆی، زیاتر دەرکەوێت. واتە هەموو دیاردەکان لە دژی تۆماس کار دەکەن و لە خزمەت زەقکردنەوەی دەروونە ئالۆز و نەخۆشەکەی ئەودان. بێرگمان بەردەوام بە شوێن بایەخی بایەخەکاندا دەگەڕێت. واتە ئەو هێزە هەستییەی کە کەسایەتیەک داگیر دەکات بەڵام دەمامکەکان دەرفەتی ئەوەمان پێنادەن کە بناخەی ئەو هێزە واقعیە ببینین. بۆیە بێرگمان هەمووکات دەرفەتێک بۆ کەسایەتیەکانی دەخوڵقێنێت کە لە بەرامبەری ئەویدیدا بە تەواوەتی رووت ببێتەوە. لە سێکاسی قوتابخانەکەی مارتادا ئەم دەرفەتە بە تۆماس دەبەخشێت کە هۆکاری سەرەکی هەموو ئەو نائومێدیە قوڵەیمان بۆ هەڵرێژێت. تۆماس ناتوانێت مارتای خۆش بوێت چوونکە لە مارتادا جوانیی ژنانەی هاوسەرە مردووەکەی نابینێ . تۆماس لە هەموو ژنەکاندا بە شوێن هاوسەرە مردووەکەیدا دەگەڕێت، بۆیە هەست دەکات مارتا لاسایی هاوسەرە پێشوەکەی دەکاتەوە، لە کاتێکدا مارتا قەت ئەو ژنەی نەبینیووە. تۆماس لە باتی وەفاداربوون بە ءەشق، وەفاداری مەعشوقەکەیەتی و مەرگی مەعشوقەکەی وەک تەواوبوونی هەموو شتێک تەفسیر کردووە. وەک ئەو ئیماندارەی کە مەرگی خودا بە تەواوبوونی هەموو ژیان لە قەڵەم دەدات: ئەگەر خودا مردبێت، چۆن دەتوانین تەحەمولی ئازاری تەنیایی بکەین؟ ئەمە هەموو ئەو وەحشەتەیە کە تۆماسی داگیر کردووە. بۆیە ئێمە بە دەگمەن لە تەنیاییدا دەیبینین و تەنانەت دوای ئەو موناقشە گرژەی لە گەڵ مارتا، دیسان داوای لێدەکات لە گەڵیا بچێت بۆ کلێسا. مارتا مافی هەڵبژاردنی نییە چونکە پێمان دەڵیت کە رۆحی خۆی سپاردووە بە تۆماس. هەربۆیە دوای ئەوەی کە ئالگۆت (Allan Edwall ) خزمەتکارە گۆجەکەی کلێسا بە تۆماس دەڵێت ئازاری مەسیح ئازاری جەستەیی نەبووە، بەڵکو وەحشەتی تەنیایی بووە، گۆڕانکارییەکی جیدی لە تۆماسدا دەردکەوێت و تەنانەت ئامادە دەبێت هەموو مەراسیمی نوێژکردنەکە، بۆ تەنیا بەشداربووی ئەو مەراسیمە، واتە بۆ مارتا بە جێ بێنێت. ئالگۆت ئاماژە بەوە دەدات کە ئەو کاتەی مەسیح بە سەر خاچەوە هاواری کرد: “ایلی ایلی لما سبقتنی!” تەنانەت بڕوای بە رێبازەکەی خۆیشی لە دەست دابوو. چونکە بێدەنگی خودا و وەحشەتی تەنیاییەکەی لە یەک کاتدا پێکەوە دەرکەوتن.
هەموو ئەمانە ڕووناکی زستان دەکات بە بەرهەمێکی دەگمەنی بێرگمان. تەنانەت “ترێنس مالیک” لە فیلمێکیدا بەردەوام دەگەڕێتەوە بۆ ئەم فیلمە. قەشەکەی ناو to the wonder بیرهێنەرەوەی سیمای تۆماسە لە ڕۆناکی زستانیدا .

بێدەنگی

The Silence

۱۹۶۳

 

 

 

 

بێدەنگی دوایین بەشی سێیینەی ئیمانە کە بە ڕای زۆرێک لە ڕەخنەگرانی سینەما ئەم فیلمە گرنگترین و ڕادیکاڵترین فیلمی بێرگمانە کە هەڵگری کۆمەڵێک پێشنیاری تەکنیکی و ناوەرۆکی بوو بۆ هەموو مێژووی سینەما. بێرگمان دوای ۱۷ سال بەردەوام بوون لە فیلمسازی، هەموو ئەزموونە دەگمەنەکانی لەم فیلمەدا بەکاردەهێنێت و لە بێدەنگیەکی سامناکدا فیلمی بێدەنگی بەرهەم دێنێت. واتە لە کەمترین دیالۆگ سوود وەردەگرێت و هەموو ئایدیاکانی دەگوێزێتەوە بۆ چۆنێتی داڕشتنی وێنەکان. بۆیە ئەم فیلمە پرۆڤەیەکی گرنگ بوو لە پێناو بەرهەمهێناتنی پێرسۆنا لە ساڵی (۱۹۶۶) دا. هەروەها “بێدەنگی” بەدەرلەوەی لە فۆڕم و بونیاددا سەرکەوتنێکی بێوێنەی هەبوو، زۆربەی یاساکانی سانسۆری ئەو سەردەمەی پێشێل کرد کە بوو بە هۆکارێک تا لە بۆکس ئۆفیسدا فرۆشێکی بەرچاوی هەبێت. هەر ئەمەش بوو بە بیانووی بەشێک لە ڕەخنەگرەکان کە وێنە ئێرۆتیک و سێکسیەکانی گونێل لیندبلۆم وەک ستارتیژیەک لە پێناو فریودانی بینەردا تەفسیر بکەن کە ئاشکرایە ئاوها خوێندنەوەیەک، کورتبینی و ناشارەزایی پێوە دەبیندرێ.

ئایدیای دوالیزم (dualism) هەموو کات بەشێکی گرنگی فیلمەکانی بێرگمانی پێکهێناوە. ئەم دوالیزمە لە فیلمی “شیلکە کێوییەکان”دا بە تاریکی و روناکی وێنەکان ئاماژەی پێدەدرێ و لە فیلمی “هەروەک لە ئاوێنەیەکدا” لە دژوازی و شیزۆفێرنیای ئەو شتانەی کە دەیبینین و ئەو شتانەی کە دەگوترێت، بەرچاو دەکەون. بەڵام لە فیلمی “بێدەنگی”دا ئەم دوالیزمە هێندە بەرجەستە دەبێتەوە کە وەسوەسەی ئەوەمان تیا دروست دەبێ، کە بەرجەستەبوونی ئەم دوو ژنە دژوازە وەک دوو دیوی یەک کەسایەتی تەفسیر بکەین کە لە شەڕێکی ئەبەدی و بەردەوامدان: ئێستێر (Ingrid Thulin) و ئانا (Gunnel Lindblom) وێڕای ئەوەی کە بەردەوام بە دژوازییە بناغەییەکانیان یەکتر ڕەت دەکەنەوە، دەتوانن تەواوکەری سیمای هەر کەسایەتییەکی مۆدێرن بن. ئێستێر سەرمایەتی بەڵام ئانا ئارەقەی گەرما خوساندوێتی. ئێستێر داپۆشراوە بەڵام ئانا مەیلی رووتبوونەوەی هەیە. ئێستێر نەخۆشە و خوێن دەهێنێتەوە بەڵام سەلامەتی و گەنجێتی بە هەموو سیمای ئاناوە دیارە. ئێستێر لە ژوورێکدا خۆی بەند کردووە بەڵام ئانا بەردەوام بە دوای بیانوویەکدا دەگەڕێت تا خۆی لەو ژوورە دەرباز بکات. هەموو ئەمانە و بێشومار دژوازی دیکە لەم دوو جەستەیەدا بەدی دەکرێ کە هەر کامێکیان بە شێوەی خۆی دنەی ئەوی دیکە دەدات لە سەر ئایدیاکانی بەردەوام بێت و پاشگەز نەبێتەوە. لێرەدا بێرگمان تەنانەت دەرفەتی ئەوە بە ڕەخنەگرەکانی دەدات کە ئەم دوالیزمە بە دوانەیەکی “خێر و شەر” بخوێننەوە و یوهان (Jörgen Lindström) یش وەک خاڵی هاوسەنگیی ئەم دوو لایەنە ببینن کە سەرەنجام ئانا، (کە نەک وەک لایەنێکی خراپەئامێز بەڵکو وەک دوورگەیەک لە دەرەوەی “خێر” ) لە گەڵ خۆی دەیبات و تەنیا شتێکیش کە لە ئێستێر بۆ ئەو منداڵە دەمێنێتەوە، نامەیەکی کورتە کە دوو وشەی “سەر” و ” دەست” ی بە زمانێکی بیانی بۆ نوسیووە. ئێستێر ئەو وشانەی لە خزمەتکارە پیرەکەی(Håkan Jahnberg) ئەو هۆتێلە بارووکیە(Baroque ) وەرگرتووە کە وەک پەروەردگارێکی میهرەبان لە ژوورە بچوکەکەیدا دانیشتووە تا لە رێگەی زەنگی ژوورەکانەوە بانگی بکەن و ئەویش وەک فریادرەسێکی بەخشندە بگاتە لایان. ئەو خزمەتکارە بەردەوام یارمەتی ئێستێر دەدات و ڕەفتاری لە گەڵ یوهان دا میهرەبان و باوکانەیە. بۆیە کاتێک کە یوهان نوقمی سەیرکردنی تابلۆکەی رۆبەنسە (Peter Paul Rubens) ، ئەو خزمەتکارە پیرە کتوپڕ لە پشتەوە یوهان لە ئامێز دەگرێت و دایدەچڵەکێنێت. ئەم چەند چرکە کورتە وەک هێمای شهوودێکی خودایی دەردەکەوێت لە بەرامبەر بەرهەمێکی هونەری سەدەی ۱۷ی زایینیدا، کە بە پەیامە غەریزیەکەی یۆهان شۆکی دەکات. ئەمە لە کاتێکدایە کە هیچ پەیوەندی و ڕووبەڕوبونەوەیەک لە نێوان خزمەتکارەکە و “ئانا”دا نابیندرێ . واتە سروشتی جنسی ئانا و مەیلەکانی هێندە سەرقاڵی کردووە و هێندەش سەربەخۆ ڕایهێناوە کە دەرفەتێکی بۆ نزیکبوونەوە لەو خزمەتکارە نەهێشتوەتەوە.
ئەو شوێنەی کە ئەم دوو خوشکە بە ماوەیەکی کورت تیای ماونەتەوە، هۆتێلێکی کافکایی لە شارێکە کە هەموو شتێکی وەک زمانەکەی نامۆیە. خەڵکەکانی ئەو شارە هیچ پەیوەندیەکیان لە گەڵ یەکتردا نیە و وێڕای ئەو قەرەباڵغیە بەرچاوە، هەمویان تەنیان. ئەم دۆخە نایاساییە وەک بیانوویەکی باوەڕپێکراو، بێدەنگیی ناو فیلمەکەمان بۆ ئاسان دەکاتەوە. زمان چیتر وەک ئامێرێکی پێوەندی توانای خۆی لە دەست داوە و تەنانەت لە پەیوەندی ئێستێر و ئاناشدا کە لە زمانی یەکتر تێدەگەن هیچ مەیلێک بۆ گفتگۆ نەماوە. ئەمە مەجالێکی باش بە بێرگمان دەدات کە بە زمانی وێنەکان لە گەڵ بەردەنگەکەیدا بدوێت و باشترین نمونەش بۆ تەفسیرکردنی ئەم بابەتە، ئەو کاتەیە کە یوهان دایکی لە ئامێزی پیاوێکی بێگانەدا دەبینێ و بێ ئەوەی هیچ دەربڕینێکى زمانی هەبێت درێژە بە گەشتە بێ ئامانجەکەی دەدات لە ڕاڕەوەکانی ئەو هۆتێلەدا. درەوشانەوەی مانایی وێنەکان ئەوکاتەیە کە یوهان لە سەر چوارڕێیانێک وەستاوە و دوای هەڵسەنگاندنی هەموو رێگاکانی دەوروپشتی، دزوا دەگەڕێتەوە بۆ لای ئێستێر. پەیوەندی یوهان لە گەڵ ئەو دوو ژنەدا وەک دوو جەمسەری پەیوەندیەکی دژواز دەردەکەوێت. یوهان لە گەڵ دایکیدا لە پێوەندیەکی جەستەیی و فیزیکیدایە: بە ڕووتی لە پاڵیدا دەخەوێت و لە حەمام پشتی بۆ دەشوات و سەیری قاچەکانی دایکی دەکات، بەڵام لە گەڵ ئێستێردا دەتوانێت گفتگۆ بکات و باسی ترسەکان و خەونەکانی خۆی بکات. واتە هەر دوو لایەن باشترین سیمای خۆیان بە یوهان دەبەخشن و ئەمەش هاوسەنگییەک لە یوهاندا پێک دێنێت تا بتوانێت وانەکانی ئێستێر لە بیر نەکات.
بێرگمان هەموو ئەم سێینەیەی بە شیوازی چەمبێر پلەی (Chamber play) بەرهەمهێنا و لە فیلمەکانی دیکەشیدا درێژەی بەم ڕەوتە دا. شێوازی چەمبێر پلەی لە شانۆکانی “ماکس راینهارد” و “ئاگۆست سترینبێرگ”ـەوە هاتە ناو سینەما و بێرگمان زۆرترین سوودی لێوەرگرت. واتە ئاماژەیە بە بەرهەمهێنانی فیلم بە کەمترین ئەکتەر و کاستی بچوک و لۆکەیشنی کەم. بێرگمان لە فیلمەکانی دواتریدا وەک “هاوارەکان و چرپەکان” و “پێرسۆنا” و “سۆناتای پاییز”دا درێژە بەم شێوازە دەدات.

 

ئەم وتارە درێژەی هەیە …