ادبیاتنوشته هایادداشتها

سێ‌گۆشە‌ی مە‌رگی مستەفا پێش سێدارە


“پێداچوونەوەیکی رەخنەیی بە سەر هەستی نەتەوەپەرەستی لە کوردوستان، بە بیانووی سەرگوزەشتە تاڵەکەی مستەفا”


یە‌ک لە کێشە‌کانی نە‌تە‌وە‌پەرەستی ئە‌وە‌یە کە قە‌ت بە خۆیدا ناچێتە‌وەو بە‌ردە‌وام بیانوو بۆ روداوە‌کانی دەوروپشتی ئە‌هێنێتەوە کە خەتاکە لە خۆیەوە بقۆزێتەوە بۆ ئەویدی. وەک چۆن بزاڤە جۆراوجۆرەکانی ئیسلامی سیاسی هەرکام ئەویتر تاوانبار ئەکات بە کوفر و جەهل، نوسخە جۆراوجۆرەکانی نەتەوەپەرەستیش هیچکام لە نوسخە واقیعە‌کانی بە مۆدێلی ئایدیال ناناسێت و تاوانباریان دەکات بە خەیانەت لە نوسخەی بنەڕەتی و راستەقینە. ئازاری برینەکەی مستەفا جارێکی‌تر ئە‌م بابەتە‌ی وروژاند تا بیر لەم پرسە بکەینەوە کە ئاخۆ کوورتکردنەوەی مرۆڤ بۆ ئاستی نەتەوە هەمان کێشە‌ نیە کە جارێکی‌تر وەک سەدان جاری پێشوو ئەمانشڵەژێنێت. بە تایبە‌ت لەو حاڵەتە‌یدا کە شەڕی ئەمجارە ناوخۆییە و نەتەوە‌پەرەستی خۆی لە دوو جوغرافیای ئاشکراو ناسراودا پێناسە دەکات و بە هەمان پیوەر گوتاری جاش و باش بە سەر ئە‌م دوو کەرتەدا دابه‌ش ئەکات. تەنانە‌ت ئەم دوالیزمە هێندە ئاوێتە‌ی یەکدی بوون کە لە بیریان چووەتەوە کە مستەفا ئەسیری کێ بووە و کێ ۱۷ ساڵ لەژێر سزای سێدارەدا رایگرتووە و لە ئەنجامیشدا لە سێدارە‌ی داوە. ئەم شە‌ڕە کە وەک شەڕی ناوخۆیی تەعبیر دەکرێت بە ڕوونی دەریدەخات کە نەتەوەپەرەستی چۆن و تا چ رادەیەک تاکی کووردی تووش رێسێنتیمێنت کردووە. من ئەم رووداوە دەکەمە وێستگەیەک بۆ بیر کردنەوەو چەن پرسیار ئاراستە‌ی خۆم ئەکە‌م:
۱: ئاخۆ ئەگەر مستەفا پیاوێکی ئەسیری عەرەب یان تورک یان فارس بوایە دیسان هێندە شۆک ئەبووین و خوێنمان بە جۆش دەهات؟! یان ئەگەر وڵاتێکی داگیرکەری وەک تورکیە یان ئێران کە بە سەدان حاڵە‌ت بەرپەرچدانەوە‌ی هاوشێوەی رەفتاری یەکیەتی لە گەڵ ئەسیرێک کردووە، هێندە جوامێرانە دەهاتینە بگۆ؟! بە دڵنیاییەوە ئەوەی کە لە ئەزموونی هاوڕێکانم لە سۆشیال میدیا بینیومە وڵامی هەردوو پرسیارەکە‌م “نا”یەکی گەورەیە. وادەردەکەوێت کە ئێمە پێمانوایە تەنیا ئەغیار و ئەویدی ستەمکارە‌و کوورد قەت ستەم لە خۆی ناکات. ئەم تەفسیرە بێبنەڕتە وایلێکردووین کە ستەمی غەیر بە ستەمێکی ئاسایی و ستە‌می خوود وەک حاڵەتێکی نائاسایی بەراورد بکەین. واتە لە‌م دژوازیەدا هەندێک سنووری ناواقعی پێکهاتوون کە بە هۆی دووپاتبوونەوەی زیادە بوونەتە واقیع و لە یادمان بردۆتەوە کە ئەساسی حکوومەت چ خوودی بیت و چ غەیر لە سەر کۆمەڵێک بەرژەوەندی پێک دێت کە لە درێژە‌ی زەماندا ئەو دارێژراوە سیاسیە دەکاتە ستەمکار. بەڵام دەولەت چ خوودی بیت و چ ئەویدی خاوەنی زیندان و کەلەبچەو ئامێرەکانی سەرکووتکردنی ناڕەزاییە. لەئێستادا ئەو هەستە‌ی کە زۆربەمانی شڵەژاندووە نەک هاوسۆزی لەگەڵ ئازاری برینی تەنیاییەکە‌ی مستەفا وەک مرۆڤێکی بێپەنا، بەلکوو ئازاری نەچەسپانی پاژە ئاڵۆزەکانی پازێلی نەتەوەپەرەستیە لە زە‌ینماندا کە ئالۆزمان ئەکات. واتە ئە‌م رەنجە قوورسە وەک رەنجی کە‌رکووک یان ئازاری چیرۆکەکەی سولێمانی موعینی لە بنە‌ڕەتدا بەرهەمی تەوەقوع لە وەهمێکی ناواقعی لە دەروونی سۆبجێکتی مرۆڤی کوورددایە کە هەرکات ئەو رووداوەی کە چاوەڕێی ئەکەین، بە پێچەوانەوە روودەدات خوێنمان دێتە جۆش و لە پتانسیەلەکانیشمان نائومێد ئەبین. دوای هەر شکستێک بەردەوام بایەخەکانی ئەو دونیا ناواقیعە‌، واتە ئەو بەهەشتە‌ی ناسیۆنالیزمی کووردی وەعدە‌ی داوە‌و بە نێوانچیەتی هەست لە زەینماندا خوڵقاوە بەسە‌ر ئەم دونیا واقیعیەدا دەشکێنینەوەو تا شکستێکی دیکە خۆمان بە خەونی ئەو بەهەشتەوە سەرقاڵ ئەکەین. وەک بڵە‌ی لە یۆتۆپیای کوردوستانی خاوێندا نە پۆلیس و نە پاراستن، نە چەوسانەوەو توندوتیژی، نە بێعیدالەتی و خراپە لە ئارادا نیە و هەرچی ئێستا بەسەرمان دێت بە هۆی غەیرەوەیە! وەک ئەو ئیماندارە موسوڵمانە‌ی کە هیچکام لە نوسخە واقعیە‌کانی ئیسلامی سیاسی وەک نوسخە‌ی واقعی ناوزەد ناکات و بەردەوام ئەویدی تاوانبار دەکات بە خەیانەت لەو رەهەندەی لە زەینی خۆیدایە و چاوەڕێی مونجی دەکات تاکوو سەرهەلبات و بەهەشتی سەر زەوین بخولقێنێت. [تەح کە کۆمەڵگای چاوەڕوان کۆمەڵگایەکی ترسناکە!] وەک لە ئەزموونی رێفراندۆمدا تەجروبەمان کرد لە ئان و ساتێکی کوورتخایە‌ندا پاڵەوانی نەتە‌وەیی و جوامێر و قارەمانمان درووست کرد و دوای چەن کاتژمێر هەمان قارەمان و جوامێر بوونە جاش و خوێڕی و دژی نەتەوە. ئەمە ئەو لۆژیکەیە کە نەتەوەپە‌رەستی ئیشی پێدەکات.
۲: ئایا هیچ حکوومەتێک لە جیهانی ئێستادا بوونی هەیە کە لە سەر ئەساسێکی نەتەوەپەرەستانە داڕێژرابێت؟ دڵنیام زۆر بە خێرایی کۆمەڵێک فەکتی لاوەکی لە رەفتاری ئەمریکای سەردەمی ترامپ بەرانبەر بە مێکزیکیەکان و کۆمەڵێک جووڵەی حیزبە راستەکانی ئوروپاتان دێتە سەر زار. بەڵام لە وڵامی ئەو فەکتانەدا هەر ئەوندە بەسە کە بزانین ئەگەر کاک مستەفا لە باتی باشوور دەستی بگەشتایە بە وڵاتێک کە لە زۆنی پەیماننامە‌ی مافی مرۆڤدایە هەرگیز تووشی ئە‌م چارەنووسە نەگریسە نەدەبوو. ئەو وڵاتانە‌ی کە هیچ خزمایەتیەکی نەتەوەیی و جوغرافیایی و کولتورییان لە گە‌ڵ ئێمەدا نیە بەڵام لانیکەم لە ژێر گوشاری کۆمەڵێک پرێنسیپی مرۆڤایەتی لە رووکەشداو بەکارهێنانی وزە‌ی کوچکردوانی وڵاتانی ئاسیایی وەک هێزی کار لە ئەساسدا، بەرگری لە کەیسی وەک مستەفا دەکات. بەڵام با لێرەشدا ستاپێک بکەین و بپرسین کە پاراستن و داڵدەدانی کەسانی هاوشێوەی کاک مستەفا لە لایەن ئەو وڵاتانە‌ی کە لە ژێر چەتری راستەوخۆی رێکخراوەکانی مافی مروڤدان هەڵگری چ مانایەکە؟ ئاخۆ ئەمە جۆرێک ستایشی مرۆڤایەتی و بەرگری لە ئازادی و کەرامەتی مروڤە؟ ئەزانم هیچکاممان هێندە ساویلکە نین کە بەم قەوارەیە پێوانی بابەتەکە بکەین. بەڵام هۆکاری ئەوەی کە باسی ئەم رەهەندە دەکەم لە بەر ئەوەیە کە روونتر و ئاشکراتر بیبینین کە زلهێڵترین بایەخی هەر دارێژراوێکی حکوومەتی چ لە ئاستی وڵاتانی گەورە و چ لە ئاستی حکوومەتێکی وەک هەرێمی کوردوستاندا تە‌نها یەک دیاردەیە: “ئابووری سیاسی”. واتە هەر ئورگانیسمێکی سیاسی لە ئێستادا بە پێی یاسا دیار و نادیارەکانی ئابووری سیاسی و قاعیدەکانی بازاڕی ئازاد مامەڵە لەگەڵ بابەتەکان و هاوکێشە سیاسیەکانی دەوروپشتیدا دەکات. حکوومەتی هەرێمی کوردوستان ی عێراق (یان باشوور بە زمانی خۆمان) نە تەنیا لە دەرەوەی ئەم قاعیدە نیە بەڵکوو قوتابیەکی بزێوی ئەو مەکتەبەیە. بۆیشە ئەگەر دوو حیزب و ئوڕگانی سیاسی گەورە‌ی وەک حیزبی دیموکراتی کوور‌دوستان و کۆمەڵە و باڵەکان و کوتلەکانیانی لە خۆیدا داڵدە داوە بە دوو هۆکارە: یەکە‌م ئەوەی کە ئەو دوو حیزبە پیش لە دەسەڵاتدارێتی حوکمرانەکانی کوردوستانی باشوور واتە لە سە‌ردەمی بەعسدا نیشتەجێی ئەو ناوچە بوون و پارتی و یەکیێتی نەیدەتوانی لەم بووارە‌دا خراپتر لە بەعس مامەڵەیان لەگەڵدا بکات؛ دوهەمیش لە بەر ئەوەی کە بە ناوی کۆنترۆلکردن و خەساندنی ئەو هێزە سیاسیانەی رۆژهەڵات مامەڵەی گەورەی ئابووری لەگەڵ رژێمی ئێراندا هەیە و بەردەوام وەک کارتێک بەکاری دەبەستێت لە گرێبەستە ئابووریەکاندا. ئەمە ئەو قاعیدەیە کە ئابووری سیاسی بە عەقلانیترین رەفتاری دیپلۆماتیک و بە بێ‌توندوتیژی زیادە فێری بەردەنگەکانی دەکات و هیچ ئارمان و بڕوایەکی نەتەوەیی و تەنانەت ئایینیش ناتوانێت درزێک لەم مەنتقەدا پێک بهێنێت. ئەم مەنتقە تایبەت بە باشوور نیە و لە راگەیێندراوی حیزبی دیموکراتی رۆژهەلات دەربارە‌ی چارە‌نوسە‌ تاڵەکە‌ی مستەفا، درێژە‌ی ئە‌م مەنتقەمان بینی . واتە زۆر هەڵەین ئەگەر واتێگەشتبێتین کە ئەم جوغرافیا خاوەنی ئێپسیلۆنێک سیاسەتی نەتەوەییە بۆ بەڕێوەبردن و رێکخستنی کۆمەڵگای ناوەوەو دەرەوەی خۆی. بەرژەوندیە ئابووریەکان جۆرێک لە سەرمایەداری حیزبی پێکهێناوە کە ناتوانی تەوەقوعی کرداری ئەخلاقی لە هیچکام لە ئورگانە سیاسیەکانی کوورد بکە‌یت و زۆربە‌ی کاتیش دژوازی بە‌رژە‌وەندیەکان وایکردووە کە دەستی هیچ لایەن و حیزبێک خاوێن نەبێ. واتە ڕوانین بە پێوەری نەتەوەپەرەستانە بۆ کردارەکانی ئەو حوکمرانیە و تەنانەت حیزبە ئوپزسیونەکانی کوردوستانی رۆژهەلاتیش جگە لە نائومێدی و پەسیڤبونمان بۆ پێک ناهێنێت. بۆیە زەرورییە لە باتی شەڕە کۆڵانی باشوور ورۆژهەلات پشتببە‌ستین بە‌و بزاڤ و چالاکی و رێکخستنە مە‌دەنیانە‌ی کە لە شار و شارۆچکەکانی هەر چووار پارچە‌ی کوردوستاندا بە‌دی دەکرێت و لە بڕێک حاڵەتدا جووانیەکانی ئەم هاوئاهەنگی و رێکخستنانە بەتایبە‌ت لە تراژێدیە گەورەکاندا فرمێسک و بزە‌ی فەخر و عێزە‌ت دەخە‌نە سە‌ر لێومان بە بێ ئە‌وەی زەڕەیەک ئالودە‌ی نەتەوەپەرەستی و ئافەتی نەفرەتی ئەم هەستە ئاڵۆزە بوبێت. هەر ئەم رێکخستنانە بە تایبەت لە باشوور دەتوانن وەک داواکاری گشتی بێنە مەیدان و بە پێی گرێبەستەکانی حوکمرانی باشوور لە گەڵ پەیمانی مافی مرۆڤدا [کە بە ملیۆن دۆلار پارەی ساڵانە لەو رێکخراوانە وەردەگرێت بە ناوی بەرگری و پشتگری لە مرۆڤێکی بێپەنا وەک کاک مستەفا] کەیسێکی قەزایی و یاسایی بکاتەوە تا لانیکەم زیاتر لە شەڕێکی خێڵەکی وەک بابەتێکی پێشێلکاری ئەو رێککەوتنانە بەراورد بکرێ و نەبێتە رەوتێکی ئاسایی و دەرگا لە دیتر هەڵاتوان و بێپەناکانی هێزی کۆماری سێدارە نەبەسترێت. هەر چەندە ئەم رێگایە وەک ئەوەیە سزای قوتابیە‌ک بەیتە دەست مامۆستاکەی. هیچ زەمانێک و متمانە‌یە‌ک بۆ تەئدیبی تاوانبار نیە و خۆی دەتوانێت ببێتە کارتی زەختی مامەڵەیەکی دیکە.

۳: کەواتە کاک مستەفا لە سەرەتا و لە بنەڕەتدا قوربانی ئایدیالۆژیای ئابووری سیاسی ە. هەروەک چۆن خوێنی د.قاسملوو بە مەنتقی ئەم ئایدۆلۆژیایە لە دڵی ئوروپا و وڵاتی ئۆتریشدا شۆردرایەوە و بە ئاوی بازاری ئازاد خاوێنیان کردەوە. ئێستا ئەبێ بپرسین لە هەموو ئەم کێبەرکێیە ئاڵۆزەدا کە باسمان کرد هەستی نەتەوەیی لە کوێدایە کە ئەمرۆ خوێنمانی گەرمکردووە؟ ئەگەر هەندێک پاڵببەستین بە گووتاری دەرونشیکاری رەخنەیی، وڵامی ئەم پرسیارە زۆر روونە: لە ئەساسدا ئەم هەستە بوونی نیە. بە زمانێکی دیکە ئێمە پەرۆشی لە دەستچوونی بایەخێکین کە هەر لە ئەساسدا خاوەنی نەبویین. ئەم هەستە چەشنێک لە هەستی چینایە‌تی ناو داڕشتەکانی کۆمەڵگایە. واتە ئەو چینە بێبە‌شبووانە‌ی کە لە گواستنە‌وەی شێوازی بەرهەمهێنانی دەرەبەگایەتی بۆ سەرمایەداری پاستوراڵی نەتەوە بێدەوڵەتەکانی رۆهەڵاتی ناوەڕاست، نەک بە زمانی خۆیان بەڵکوو بە زمانی نەتەوەوە دێنە بگۆ. بێگومان ئە‌م هەستە؛ یەکەم: بۆ رێکخستنی هەر بزووتنەوەیەکی سیاسی و کۆمەڵایەتی چ لە حاڵەتی مەدەنی و شارۆمەندیداو چ لە حاڵەتی خەباتی چەکداریدا، دووهەم: لە ئاستی هاوئاهەنگی و هاوسۆزی چینایەتی ناو کۆمەڵگای نەتەوە بێدەوڵەتەکاندا، سێهەمیش: لە پاراستنی زمان و کولتوور و هونەری پەڕاوێزەکاندا، هەستێکی ئێجگار کارامەو بەهێز و زەرووریە کە بۆ پاراستنی پیویستمان بە حیزب و داڕێژراوی حکوومەتی نیە. جەماوەر و خەڵکانی هەر ناوچەیەک خۆیان گەورەترین پارێزەری ئەو بایەخانەن کە ئەگەر ئورگانە سیاسییەکان خرا‌پتری نەکەن بە دڵنیاییەوە موداخلەکانیان کارساز نابێت. ئەزمونەکان پیشانمان دەدەن ئەم هەستە ئاڵۆزە وەک ئاسۆی سیاسی و غایە‌تی حوکمڕانی ناتوانێت وڵامی دژوازییە دەرونییەکانی خۆی بداتەوە چونکە خاوە‌نی سی کۆچکی بوونناسی و مرۆڤناسی و مەعریفە‌ناسی نیە و ناتوانێت ئە‌م بووارانە پێناسە بکات. بۆیشە بەردەوام لە ئاستی “هەست”دا دەمێنێتەوەو توانای ماناکردنە‌وەی دیاردە جۆراوجۆرەکانی ژیانی کۆمەڵایەتی و تاکەکەسی نیە. کەواتە بە‌ردەوام خۆی لەت‌لەت و بچوکتر دەکاتەوە تا ئەگەر لە قەوارەیەکی گەورەتردا هەموو بەردەنگەکانی نائومێد کردووە بەڵکوو بتوانێت لە پاژە بچوکەکاندا درێژە بە حەیاتی خۆی بدات. بۆیشە لە ئێستادا ئێمە نەک یک ڕەوتی ناسیۆنالیستی بەڵکوو دەیان رەوت بەدی دەکەین کە وەک هەر ئایدیوڵوژیایەکی دیکە هەرکام خۆی بە بەدیلی ئەویتر پێناسە دەکات.
۴: با بگەڕەینەوە بۆ چیرۆکی تەنیایی و غوربەتی کاک مستەفا لە نێوان سێ هێزی ترسناکی ئەم ناوچەدا کە هەرکامیان وەک سەگ بۆنی جێپێکانی ئەکەن تا بیدۆزنەوەو بیکەنە گۆشتی قوربانی. لێرە بە دوواوە من وەک چاودێرێکی کۆمەڵایەتی یان موحەللێکی سیاسی سەیری بابەتەکە ناکەم. بەڵکوو هەوڵئەدەم وەک چیرۆکنوس یان شاعیرێک هاوسۆزی لەگەڵ ئازاری ئەو غەریبی و تەنیاییە بکەم کە ئێجگار دڕاماتیک و ترسێنە‌رە. ئەو پیاوە ئەسیری کۆماری سێدارە بوو کە بە قەڵغانی تەنەکەی نەتەوەپەرەستی کەوتە باوەشی نوێنەرە خۆماڵییەکانی ئابووری سیاسی و بە پێی پەیمانی مێژوویی و خزمایەتی ئایدیۆلوژیکی نێوان ئەم مەنهەجە کراوەیە لە گەڵ ئیسلامی سیاسی، رادەستی کۆماری سێدارە کراوو بەخێراترین کات لە سێدارە‌ درا تا بۆگەنی ئەم سێ‌گۆشە زیاتر لەمە بڵاو نەبێتەوە. ئەم غوربە‌تەی کاک مستەفا غوربەتی تاک تاکی هەموومانەو دڵنیا بن ئەگەر جوامێر بن و لە ناو ئەم سێگۆشەدا بجوولێن یەک لە گۆشەکان هەر بەم نەگریسیە کە داوێنی کاک مستەفای گرت، داوێنتان ئەگرێت. بۆیە وەک یەکەم هەنگاو ناچارین لەو سێگۆشە بەینەدەر تا واقیعەکان روونتر و ئاشکراتر ببینین. بە زمانێکی دیکە تا ئەو کاتەی کە لە سەرەتاوە نەتوانین کاک مستەفا وەک مرۆڤێک، وەک مرۆڤێک لە ناو دارشتە‌ی چینایەتی هاوچەرخی کۆمەڵگاکاندا، وەک مرۆڤێکی بێپەنا لە ژێر شێوازە جۆراوجۆرەکانی توندوتیژی و چەوسانەوە و نابەرابە‌ری ببینین، هەڵگرتنی هەر هەنگاوێکی دیکە دەمانبات بە لاڕێدا و دەمانخاتە ناو سوڕانەوە‌ی بێسوود لە چەرخی سیاسەتی واقع و سیاسە‌تی ئەخلاقیدا. واتە کاتێک کاک مستە‌فا وەک مرۆڤێک لە ناو دارشتە‌ی چینایە‌تی هاوچەرخی کومەلگاکاندا پێناسە ئەکەم، مەبە‌ستم راستەوخۆ ئەوەیە کە ئەو مرۆڤە ئەگەر لە نهۆمێکی دیکە‌ی ئەم داڕشتە‌ چینایە‌تیەدا کە لە بینای حوکمرانی لە ئێران یان لە حیزبە‌کانی باشوور یان رۆهەڵات، نوێنە‌ر و پاشخان و گۆڕانەوەی بەرژەوەندیان بە یەکترەوە هەیە چاوی بەدنیا بکرایە‌وە یان هەر لە سەرەتاوە تووشی ئەم چارەنووسە نە‌گریسە نەئە‌بوو یان دوای هەڵاتنەکەی بە شێوەیەک لە شێوەکانی گۆڕینەوە گیانیان دەپاراست. بەڵام دڵنیام کە ئەو پیاوە سەر بە نهۆمە نزمەکانی چینێکە کە پاراستنی گیانی هیچ سوودێکی بەرچاوی بۆ هیچ لایەنێک نیە و هیچکە‌س لە هاوڕێی و نزیکە‌کانی لە ناو سیستەمی حوکمڕانیدا نوێنەرایەتی بەرژەوەندیەکانی ئەم چینە ناکات تا تکاکاری بێت و گیانی بپارێزێت. بۆیشە بۆ دیتنی لایە‌نە دراماتیکە‌کانی دۆخی شکستی کاک مستەفا و مستەفاکانی دیکە ناچارین کە رادیکال بین. لە ئامۆژگاری رەخنە‌ی ئابووری سیاسیشدا رادیکال بوون یانی گەڕانەوە بۆ بناغەکان و بناغە‌ش یانی مرۆڤ.

*لەگەڵ ئاماژەدان بە سەرچاوە، هەر سایت و کەناڵ و کەسایەتیەک سەربەستە لە بڵاوکردنەوەی ئەم بابەتە.