ادبیاتشعر

شێعر: چۆن دەتوانی هەڵبێیت؟

⇓لێرەوە دەتوانی ئەم شێعرە ببیسیت⇓

 

 

بۆ هاوڕێم: حەمە قادر

ئەى نیشتمانی من!
ئەوکاتەى تۆم بینی
بەوجۆرەى شاعیران و سترانبێژان دەیانگوت
جوان نەبوویت!

چاوە سوورەکانت کە نووقابوو بە ئاسماندا و
پێستى قڵشاوت کە پروشەبەفرەکانی هەڵدەلووشی
ترساندمى و لێت هەڵهاتم.

لە سەحرا قاقڕەکانتدا دواى پیاوە دڵتەنگەکانت کەوتم
ئەوانەى تێکشکاو و خەمگین
لە دامێنەکانەوە دادەبەزین و
جگە لە سرودێک یان یادێک
وردەنانێکیشان لە سەرلێو نەبوو
بەڵام بێهوودە تەپڵەکانیان دەکوتا
تا کەسێک سەما بکا…

لە زەلکاوە ونەکان، ساڵانێک پێشتر
یەکێک لە ڕۆڵەکانت لە کاروانەکە جێمابوو و
لە ترسی تەنیایی تا سەرەمەرگ
داربەڕوویەکى وەها بەخۆیەوە گوشیبوو
وەک ئەوەى دایکێک لەشى نیوەگیانى ڕۆڵە قارەمانەکەی
من ئێسقانەکانیم بینى
بەڵام دارەکە هەر بەدەم باوە سەماى دەکرد

لە جادە قوڕاویەکانتدا
ئەوکاتەی کە سوپاى بۆهیمۆس دیلەکانیان ڕاپێچ دەکرد
من لەوێ بووم، لە پاش تاشەبەردێک
دەمبینى لە مەرگ ترساون
بەڵام تۆ چاوت داخستبوو!

لەسەر ئەو لوتکە
ئەو لوتکەی کە دەیڕوانى بەسەر شاردا
پاکیزەیەک کە لەسەر ڕوومەتى برینى نەنگییەک دەیقیژاند
خۆى بە تاشەبەردێکەوە هەڵواسیبوو
بەڵام شاعیرەکانت شکۆى بەردەکەیان دەهۆنییەوە

لەسەر جادەکان
لەوێ کە وێنەی مانگ کەوتبوە نێو خوێنى گەرمەوە
هەموو باوکێک حاشاى لە تەرمى ڕۆڵەکەى دەکرد
هەموو دایکێک بە قیژەوە ڕایکردە پەناوپەسێوەکان
و بارانى ناوەختى ئاسمانەکەت
ئاماژەى شایەتحاڵەکانى شۆردەوە

ئەى نیشتمانى من تۆ هەرگیز جوان نەبوویت!
و بە هەر ئایەتێکى گەڕیدە بێشەرمەکانت
پاکترین ڕۆڵەکانت کردە قوربانى
دڵت گۆڕستانى ئەو پێغەمبەرانەیە کە بە جلەوە لە گۆڕەکانیاندا خەوتوون.

ئەو ڕۆژانەى هەڵدەهاتم
لە نیوەشەوانى جادەیەکى چۆڵ
کچۆڵەیەک کە لە شەرما
مەمکى تازە هەڵتۆقیوى بە پرچى شؤڕەوەبووى دەشاردەوە
بە ئاوازێک لە گوێمدا دەیچرپاند:
دوو پیاوى پیر و ژنێکى شێت لەو ماڵە چاوەڕوانن
ئەوان برسییانە
ئەوان تەمەنێکە برسییانە و
بە چاوەکانیان داواى نانم لێ دەکەن
چۆن دەتوانی هەڵبێی؟
فێرم بکە هەڵهاتن چۆن دەبێ؟ و
بەدەستەکانى ئەو ماڵە شوومەى نیشان دەدام و
منیش هەر هەڵدهاتم.

ئەوکاتەى بەلاشانى شەختەی کوێستانەکانتا دەهاتمەخوار
سرودى جیڕەجیڕى ددانی ئەو کۆڵبەرانەم بیست
کە چیتر جەستەى مرۆڤیان نەبوو و
وەک کاروانى هێسترەکان ناڵیان بە قاچەوە بوو و
یەکدەنگ دەیانوت:
شارمان بە بۆهیمۆس بەخشى
ئەو ڕزگارمان دەکا ئەگەر سوپاسگوزار بین
ئەو مناڵەکانمان تێر دەکات ئەگەر سەرمان دانەوێنین
ئەو ژنەکانمان ڕسوا دەکا ئەگەر بێ ئابڕوو بن
بەڵام چۆن دەتوانین هەڵبێین؟
فێرمان بکە هەڵهاتن چۆنە؟
و بەسەر مەزرایەکیان نیشان دەدام
کە گوڵەکانى سەرما بردبووی و
منیش هەر هەڵدهاتم.

ئەى نیشتمانى من!
لە دوورەوە دیسان ئاوڕم بۆ دایتەوە
تا باوەشم پیاکەیت و نەهێڵیت هەڵبێم
بەڵام دیسان بینیم
کە چاوە سورەکانت لە ئاسمان بڕیوە و
پێستى قڵشاوت پروشەبەفرى هەڵدەلووشى و
لێوە شێتۆکەکانت بە گوێمدا دەیچرپاند:
ئەى ناولەیادکراو
ئەى ئازاری زڕ
کاممان لە باوەشى کامماندایە؟
سەیرکە ئەو پەڵە نوورە
کە ڕژاوەتە سەر کێڵگە سووتاوەکان
چەند پەیامبەرانە خۆڕاگرە و
ئەو پیاوە بێباکە
چۆن لە بەرگی خۆیدا هێمن دانیشتووە؟
بڕوانە شار
چەند فەرامۆشکار و سەودازەدە
لە گۆرانییە عامیانەکاندا دەشنێتەوە و
کچانى خۆپەرست دەخاتە سەما
ئەى ناولەیادکراو ئەى ئازارى زڕ
ئاوڕ مەدەوە و تەماشا کە
ئەمە نیشتمانى تۆیە
ئەو نیشتمانەی کە لێی هەڵهاتووی!
منیش هەر هەڵدەهاتم.

ئەمێستا:
چاوم لە زارم ئاشکراترە و
ڕۆحم ئەڵەی لە ڕیخۆڵەکانى ڕۆژدا
بە چڵکێکى وێرانکەر، تاى لێهاتووە.

ئەمێستا:
لەبەردەم هیچ وەستام و
ئاگام لە تاوانى ئەم دڵە لاسارەشە
لەو ئەهریمەنە نەخۆشەش، کە لەسەر قوڕگم دانیشتووە و
وەک حاکمێکى دڵڕەق
پەنجەى دەچەقێنێتە نهێنییەکانم.

ئەمێستا: ماندووم
قووراسایی مانگ نیشتۆتە سەر پێڵووەکانم و
چەقۆى ئەندێشەش لە برینە کۆنەکاندایە.

ئاخۆ دەکرێ دیسانەوە دەمبەگۆرانی بە لاملی چیاکاندا پیاسە بکەم و
دڵیشم بە خەونێکى خۆش بخەمە قوڵپەقوڵپ؟

ئەمێستا:
نا، ئیدى من پاکیزە نیم و
نهێنى شتەکان دەزانم
لەوێ کە قارەمانەکان بۆ تۆڵە هەڵدەگەڕێن
من دێمە خوار و
لەوێ کە میوانەکان مەنزڵ دەگرن
من دێمە دەر.
کەوابوو قەدەرى مرۆڤى بێ نیشتمان ئاوهایە
کە بە سەختى لە پێستى ڕووخساریا زیندوو بێت.