دوربین_قلمسینما

گەشتێک بە ناو دوورگەکەی «ئینگمار بێرگمان» دا

کۆی ئەم یادداشتانە بە پێشنیاری هاوڕێم “شاهۆ عارف” بەڕێوەبەری سەنتەری پێرسۆنا  نووسیوە کە ساڵی رابردوو لە نامیلکەیەکداو لەگەڵ پەکەیجی دی‌ڤی‌دی بەرهەمەکانی بێرگمان لە  لایەن ئەو سەنتەرەوە چاپ و بڵاوکراوەتەوە. هەر بۆیشە یادداشتەکان زیاتر لەوەی کە خوێندنەوەیەکی رەخنەیی و فۆرمالیستی بن، هەوڵێکی سێمیۆلۆجیکە بۆ ناساندن و ماناکردنەوەی جیهانی ئەندێشەیی بێرگمان. بە تایبەت ئەو لایەنە  ئیلاهیاتی- مەسیحیەی کە دەورێکی گرینگی لە ستاتیکای فیلمەکانی بێرگماندا بینیوە. جێی ئاماژەیە کە  هاوڕێ خۆشەویستم “حەمە قادر” ئەرکی پێداچوونەوەی نووسراوەکەی گرتە ئەستۆ.

 

پێشەکی:

نوسین دەربارەی ئینگمار بێرگمان قورس و دژوارە. لە راستیدا ئەوە خودی بێرگمانە کە لە سەرەتاوە رێگەمان لێ دەگرێ کە نەتوانین بە میتۆدە باوەکانی خوێندنەوەی سینەما بیبەستینەوە و دەستەمۆی بکەین. سینەمای بێرگمان وەک ماسییەکی لووسە لە هەر شوێنێکی جەستەیەوە بیگریت لە دەستت دەردەچێت. ئەو خۆی بە ڕاشکاوی لە گفتگۆیەکدا دەڵێت: (فیلمەکانی من) هیچکات پێت ناڵێت “لێم تێ بگە”، بەڵکو پێتدەڵێت ” هەستم پێ بکە” . “هەست” لە لای بێرگمان وەزیفەیەکی موقەدەسی هەیە و هەر ئەمەشە ئەبێتە هۆکارێکی سەرەکی تا کەمترین جێ پەنجەی “عەقڵی رۆژئاوایی” بە مانا فەلسەفییەکەی لە کارنامەی شەست ساڵەی ئەو پیاوە مەزنەدا ببینین. ئەو بەردەوام سینەما وەک پێگەیەک دەناسێت بۆ زیندووکردنەوەی پەیوەندییە ئینسانییەکان و بە شوێن دەلاقەیەکدا دەگەڕێ، هۆکارەکانی شکستی ئەم پەیوەندییە لە سەردەمی نوێی مێژووی هاوچەرخدا بدۆزێتەوە. بەڵام نەک بە نیگای ئاڵۆزی عەقڵی مۆدێرن بەڵکو بە نیگای سادە و پڕ لە پرسیاری منداڵێکی ئەزموونکار و ترساو. چاوی منداڵی خاوەنی ستاتیکایەکی تایبەتە کە سنورەکانی نێوان واقیع و خەیاڵ تێدەپەڕێنێت و هیچ جیاوازییەک لەو دژوازییەدا نابینێتەوە. ئەگەر واقیع بەڵگەیەک بێت بۆ ئاماژەکانی عەقڵ، ئەوا خەیاڵیش دەتوانێت بەڵگەیەکی ئاشکرا بێت بۆ ئاماژەکانی هەست. بۆیە بێرگمان لە هەموو سەردەمی منداڵی و مێردمنداڵیدا لەدەست ترس و دڵەڕاوکێ و ئازارەکانی واقیع هەڵدێت و پەنا دەبات بۆ ئامێزی گەرم و ئاسودەی خەیاڵ. واقیع بەردەوام باوکێکە لە فیگەرێکی ترسناک و عەقڵانیدا گەشە بە خۆی دەدات و لە بەرامبەریدا خەیاڵ وەک دایکێکی میهرەبان نەوازشی ئەو ئازارانە دەکات کە باوک بە سەر جەستەمانەوە جێی هێشتوە. خەیاڵ دەرفەتی ئەوەمان پێ دەبەخشێت کە هەموو جیهان و وێنەکان دووبارە بخولقێنینەوە و سەرلەنوێ دایڕێژینەوە. خەیاڵ دەسەڵاتی خواییانە و خالیقانەمان پێدەبەخشێت و دەروازەی ئەفراندمان بە ڕوودا دەکاتەوە. ئا لێرەوە، دەتوانین بڵێین خەیاڵ هونەرە و هونەریش وەک ڤێرجینیا ۆڵف دەڵێ: وێنەیەک نیە لە واقیع. لەو پۆخڵەواتە (واقیع) تەنیا یەک وێنەمان بەسە.

سینەمای ئینگمار بێرگمان بە تایبەت لە قۆناغی دووهەمیدا زیاتر لەم ڕوانگەیە نزیک دەبێتەوە و نیگای کامێراکەی دەبێتە هەمان نیگای سادە و پڕپرسیاری منداڵێک. منداڵێک ئەگەرچی توانای شیکردنەوە و لێکدانەوەی واقیع و دیاردەکانی نیە، بەڵام زۆر سروشتی‌تر و ڕەهاتر هەستیان پێدەکات. لەمەودوا چیتر بێرگمان هەوڵ نادات دیاردەکانمان بۆ تەفسیر بکات و مانای تایبەتیان پێببەخشێت بەڵکو تەنیا هەوڵ دەدات ئیمکانی نادیار و وزەی شاراوەی ئەو دیاردانە بخاتە بەرچاو. ئەو ئیمکانانەی کە لە هەر وێنە و ئیماژێکدا پەنهانە و توانای ئەوەی هەیە هەموو چاوێک بۆخۆی ڕاکێشێت. ڕەنگە هەر ئەم سیحرەیش بێت بێرگمانی خستۆتە ناو سینەماوە و هەوڵیداوە بە ئیمکانە بێشومارەکانی ئەم مێدیۆمە زمانێکی تازە و نوێ بخولقێنێت کە تیایدا وێنەکان، تەنیا وێنەکان، نیگاکان، تەنیا نیگاکان، گرنگن نەک مانا و تەفسیرەکان. لە لایەکی دیکەوە بێرگمان لە هەموو بەرهەمەکانیدا بە دوای منداڵیی خۆی و زیندووکردنەوەی تەمەنی لە دەستچوویدا دەگەڕێت. ئەو بەردەوام سەرقاڵی وەبیرهێنانەوەی منداڵییەتی و تەنانەت ئەو کاتەش کە بیرەوەرییەکانی خۆی لە کتێبی ”چرای ئەفسوناوی”دا دەنووسێتەوە، دەست لەو هەوڵە بەرنادات. بە زمانێکی دیکە ئەم هەوڵە، درێژەدانە بەو ئەزموونەی مارسێل پروست بەڵام ئەمجارە لە سینەمادا: بیرهێنانەوەی منداڵی لە پێناو فەرامۆش کردنیدا. چونکە هیچ فەرامۆشکردنێک بە بێ بیرهێنانەوەی پەتی مەیسەر نابێت.

بێرگمان دەرهێنەرێکی پڕ وزە و پڕکار بووە. لە شەست ساڵ تەمەنی پڕۆفیشناڵی هونەریدا، ژمارەیەکی زۆر فیلم و بەرهەمی تەلەفزیۆنی و دراما و شانۆی بەرهەم هێناوە کە پۆلێنکردنی ئەم ژمارە بەرهەمە سانا و ئاسان نیە، بەڵام بە شێوەیەکی گشتی و بە بڕوای رەخنەگرەکان سێ قۆناغی سەرەکی لە چالاکییە سینەماییەکانیدا دەبیندرێت کە لە درێژەی ئەم نوسینەدا ئاماژەیان پێدەدەین.

                                       

 

زەردەخەنەکانی شەوێکی هاوین

(Smiles of a Summer Night)

۱۹۵۵

 

 

هاوین لە لای بێرگمان خاوەنی پیرۆزی و قودسیەتێکی تایبەتە کە دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی منداڵیی خودی بێرگمان، ئەوکاتەی هاوینەکانی لێوڕێژ بوون لە چێژ و ژیان و ئازادی. پێش ئەم فیلمە دوو فیلمی تریش بە ناوەکانی، “شادمانی کورتی هاوین” (١٩٥١)، “هاوین لە گەڵ مۆنیکا” (١٩٥٣) لە کارنامەی بێرگماندا بە دی دەکرێت کە لە زمانی عاشقەکانیەوە، رەمزەکانی هاوینمان بۆ دەکاتەوە. بەڵام بەپێی ئەزموونەکانی پێشووتری بێرگمان هیچ چاوەڕوانی ئەوە نەدەکرا کە لە ساڵی ١٩٥٥دا بە بەرهەمێک لە ژانری کۆمیدیادا دەرکەوێت. ئەم فیلمە لە فیتسیڤاڵی کانی ١٩٥٦ دا نمایشکراو و بوو بە پێگەیەک بۆ ناساندنی بێرگمان بە سینەمای جیهان. بێرگمان خۆی دەربارەی ئەم فیلمە دەڵێت: “هەستم دەکرد کاتی ئەوە گەشتبوو کە سەرکەوتنێکی بازرگانی لە سینەمادا بە دەست بهێنم. قەناعەتم بە خۆم هێنابوو کە ئەم فیلمە سەرکەوتوو دەبێت. لە سەرەتادا حەزم دەکرد ئەم بەرهەمە بۆ شانۆ ئامادە بکەم بەڵام چونکە پارەم نەبوو، بە یارمەتی مادی کەسێک کردمان بە فیلم. زەردەخەنەکانی شەوێکی هاوین یەکێکە لە ئەزمونە جیدیەکانی قۆناغی یەکەمی فیلمسازیی بێرگمان، کە بەراورد بە فیلمەکانی پێشووی، ژمارەیەکی زیاتری ئەکتەر ڕۆڵ دەگێڕن و چەند چیرۆکێکی سەرەکی و لاوەکی، هاوکات و تەریب لە گەڵ یەکتردا دەگێڕدرێنەوە. هەر ئەکتەرێک بە تەنیا لە گەڵ خۆیدا و لە گەڵ کەرەکتەرەکانی دیکەدا لە پەیوەندییەکی ئاڵۆز و پڕهەڵکشان و داکشاندایە. ئەخلاقی بۆرژوازی سەرەتای سەدەی بیستەم بە سەر ئەم پەیوەندیانەدا و هێماکانی ئەم چینە باڵادەستە بە سەر هەموو فەزای فیلمەکەدا زاڵە. ئەمە زەمینەیەکی ئامادەیە بۆ بێرگمان تا کۆمێدیایەکی عاشقانەی تیا بخوڵقێنێت. بەشێک لە رەخنەگرەکان لە سەر ئەو بڕوایەن کە بێرگمان لەم فیلمەدا لە ژێر کاریگەری فیلمی “یاساکانی یاری”ی “ژان رێنوار”دایە و خودی بێرگمانیش باسی کاریگەری لۆنگ شۆتەکانی “میزوگوچی” دەکات کە لەم فیلمەدا بە کاری هێناوە.

زەردەخەنەکانی شەوێکی هاوین لە هەموو لایەنێکەوە فیلمێکی جیاوازی بێرگمانە. چونکە کۆی فیلمەکە بە ریتم و جووڵەی ئۆپێرایەک یان بالەیەک دەگێردرێتەوە. (تەنانەت رۆبین وودی ڕەخنەگر ئەم فیلمە بە گوێرەی ئۆپێراکانی مۆزارت تەفسیر دەکات). بێرگمان لەم فیلمەدا هەموو یاسا و مێتۆدەکانی دەرونشیکاری کارەکتەرەکان پێشێل دەکات و بە زمانێکی دیکە دەیانخوڵقێنێتەوە. هەروەها ئەگەرچی ئەم فیلمە کۆمێدیایەکە دەربارەی مەیلی سێکسی بە شێوەی کۆمێدیاکانی مۆریس ئێستیلێر(Mauritz Stiller) لە بیستەکاندا، بەڵام لە ئەنجامدا بێرگمان بە تەواوەتی خۆی ناسپێرێت بەم ستایلە و هەوڵ دەدات ئاماژەیەکی جیدی بدات بە عەشقی ئایدیاڵ یان عەشقی درێژخایەن کە خەسڵەتێکی گەنجانەی هەیە و بە وتەکەی فرید(Åke Fridell) ، ئەم عەشقە هاوکات “هەم پاداشتە و هەم سزا”. وەکچۆن دزیرە، کارەکتەری ناو فیلمەکە (Eva Dahlbeck) لە وڵامی فرێدریک ئێگرمان (Gunnar Björnstrand)دا دەڵێت: “بۆ مرۆڤە بەتەمەنەکان عەشق شتێکە وەک شەڕ یان نمایشی جومناستیک “. بەڵام دواجار لە فیلمەکەی بێرگماندا ئەوە عەشقی گەنجەکانە کە سەردەکەوێت و مرۆڤە بە تەمەنەکان وەک چەند داهۆڵێکی گێل دەردەکەون کە لە ڕێگەی فریودانی ژنەکانەوە شەڕی دەسەڵاتێکی پیاوانە دەکەن و ئەمەش بەرهەمی جۆرێک بەدحاڵیبوونە لە مانای عەشق.
دیمەنی میوانی ماڵی دزیرە (Eva Dahlbeck) کە هەموو ئەکتەرەکان لە دەوری مێزێک بۆ شەرابخواردن کۆبوونەتەوە، گرینگترین دیمەنی ئەم فیلمەیە و مانای ئەو یارییە بە ڕاشکاوی پیشان دەدرێت. ئەو دانیشتنەی کە هەموو میوانە بانگهێشتراوەکانی لێوڕێژن لە مەیلی سێکسی و لە بەرامبەر ئەو مەیلەدا شکستیان هێناوە. “ئێگرمانی لاو” زامێک لە یەکسانی ئەو دانیشتنەدا پێک دەهێنێت و هاوکات لە گەڵ هاوکێشە دەرونییەکانی لە سەر شەهوەت و ئیمان، دواجار پەنا دەبات بۆ بەرگری لە عەشق. فرێدریک ئێگرمان، سیمای مرۆڤێکی ئایدیاڵ – مەسیحی بە کۆی رەفتارەکانیەوە دیارە و بە شێوەیەکی گشتی دووپاتبوونەوەی ڕواڵەتی کارەکتەرە لاوەکانی هێنریک ئەبسن و چیخۆفە، کە لە بەرامبەر گوتاری پیاوسالارانە و بوغزاوی بۆرژوازی، سەرەنجام بە شێوازێکی مەسیحایی پەنا دەبەن بۆ ئایدیاڵخوازی . لە کۆتاییدا، هەر ئەمەشە کە فرێدریک و ئانا ئێگرمان (Ulla Jacobsson) لە لوتکەی نائومێدی و بێ هیواییدا لەو ئازارە بێهودەیەی کە ئەوانی تری لە ئامێز گرتوە دەرباز دەبن و ڕووخساری سێهەمین زەردەخەنەکانی شەوێکی هاوین دەردەکەوێت. بەڵام کارەکتەرەکانی دیکە، نە ڕۆح سوکی فرید و “پێترا”یان تیایە و نە عەشقی شێتانەی فرێدریک و ئانا، لە هەمان دۆزەخی ئەبەدیدا دەمێننەوە و سەرەڕای شکستە گەورەکانیان، درێژە بە هەمان ژیانی پێشوتریان دەدەن.

 

مۆری حەوتەم

(The Seventh Seal)

۱۹۵۷

 

 

 

 

فیلمی مۆری حەوتەم، ناوەکەی لە کتێبی “موکاشەفاتی یوحەننا” وەرگیراوە، درێژەی ئەو قۆناغەیە کە بێرگمان لە ژێر کاریگەری میراتی فیکری مەسیحییەتی مرۆڤدۆستانەدایە . کاتێک بێرگمان سیناریۆی ئەم فیلمە دەدات بە سوێنسک فیلمیندیستور (Svensk Filmindustri) کە لەو سەردەمەدا گەورەترین بەرهەمهێنەری سینەمای سوید بوو، راستەوخۆ ڕەت دەکرێتەوە و دوای ئەوەی کە لە ساڵی ١٩٥٥ دا فیلمی “زەردەخەنەکانی شەوێکی هاوین” خەڵاتی تایبەت بە لیژنەی داوەرانی کان وەردەگرێت و ژمارەیەکی زۆری بەرهەمهێنەرە ئەمریکییەکان ڕوو دەکەنە بێرگمان، سەر لە نوێ ئاوڕ لە سیناریۆی ئەم فیلمە دەدرێتەوە و دەرفەتی بەرهەمهێنانی پێدەدرێت. بەڵام بەو مەرجەی کە لە ماوەی ٣٦ رۆژدا کۆتایی بە وێنەگرتنی بهێندرێت و لە ڕووی داراییەوە قورسایی نەخاتە سەر کۆمپانیای بەرهەمهێنەر. هەر ئەمەش دەبێتە هۆکارێک بۆ ئەوەی کە بێرگمان نەتوانێت بە تەواوەتی ئایدیاکانی بخاتە بەر کامێراو تەنانەت دیمەنەکانی کۆتایی فیلمەکە بە تایبەت دیمەنی “سەمای مەرگ” زۆر بە ڕێکەوت و لە رۆژی کۆتایی وێنەگرتندا، بە یارمەتی چەند گەشتیارێک و ژمارەیەکی کەمی ئەو ئەکتەرانەی کە هێشتا لە گەڵ گروپەکە مابوونەوە وێنە دەگیرێت.
” من مەرگم و ماوەیەکی درێژە لە گەڵتام” ئەمە یەکەمین وتەی مەرگە لە یەکەمین دیداری لە گەڵ سوارچاکێکی سەدە ناوەندییەکانی ڕۆژئاوادا. ئەم ڕستەیە ئاگادارمان ئەکاتەوە کە مەرگ لە فیلمی “مۆری حەوتەم” دا تەنیا بە مانای مردنی کات و تەواوبوونی ژیانی واقیعی نیە، بەڵکو ئاماژەیە بۆ مەرگێکی دەروونی ئانتۆنیۆس بلۆک (Max von Sydow)، لەو کاتەوە بە هیوای گەیشتن بە حەقیقەتێکی ڕەها، ژن و مەنزڵەکەی جێهێشت و چیتر بە سەر جوانییەکاندا ئاوازی هەڵنەدا و هاوکات سزای مەرگیشی لە ئەستۆ گرت. “شەترەنج لە گەڵ مەرگ ” ئاماژەیە بەو هەنگاوانەی کە بلۆک پێواویەتی تا لە کامەرانی و گەرمای ژیان دوور بکەوێتەوە و بڕوات بەرەو ئامێزی ساردی مەرگ. بلۆک دان بەوەدا دەنێت کە دڵی نائارامە و هیچ کات هیچ خۆشەویستییەکی بەرامبەر مرۆڤەکانی دیکە تیا نەبووە. ئەو بە میا (Bibi Andersson) دەڵێ: من بەختەوەر نیم چونکە لە گەڵ کەسێکی گێلدا یەک کەوتوم و ئەو کەسەش خۆمم. “یۆنس” (Gunnar Björnstrand) کە هاوڕێی هەموو سەفەرەکانی بلۆک بووە، بە ڕاشکاوی باسی بێهوودەیی و بێ ئەنجامی ئەم موکاشەفەیە دەکات و پێی وایە کە دەبوو بلۆک لە باتی ئەم سەرگەردانیە، هەموو توانای خۆی بۆ بووژاندنەوەی ژیان بەکاربهێنایە. “یۆنس” بە جەستەبوونی ئەو دڕدۆنگیانەیە کە سوارچاک چرکەبەچرکە لە گەڵیا دەژی. بە زمانێکی دیکە “یۆنس” دیوە زەمینییەکەی بلۆکە و بڕوای بە کڵێسە و ڕێنوێنی قەشەکان نەماوە، واتە ئەو ڕێنوێنیە نەرێنیانەی کە بە بیانوی ئیمان، بە ڕاشکاوی شەپۆلەکانی ژیان سەرکوت دەکات و وەک تاوان ناویان دەبات.
یۆف (Nils Poppe) و میا و منداڵە ساواکەیان (میکاییل) – لەم فیلمەدا ئاماژەیەکی راستەخۆن بە مانای بنەماڵەی پیرۆز (holy family) لە ئینجیل دا – وەک نوێنەرە حەقیقیەکانی ژیان دەردەکەون. ئەوان لە گەڵ سەما و ئاواز و عەشق و بەخشەندەییدا دەژین و بەختەوەری لە ڕیتمی ژیانی رۆژانەیاندا ئاشکرایە. یۆف، وەک بلۆک توانای بینینی هێزە نادیارەکانی هەیە. ئەو مریەمی پیرۆز دەبینێت ئەوکاتەی مەسیح فێردەکات یەکەم هەنگاوەکانی بنێت. وەهمەکانی یۆف لێورێژن لە جوانییەکی سیحری و سروشتی بەڵام نەک بە مانای گەشبینییەکی گێلانە چونکە یۆف توانای بینینی سیمای مەرگیشی هەیە و جیا لە هاوڕێ بێ ئومێدەکانی بلۆک، تاکە کەسێکە کە مەرگ وەک وەحشەتێک دەبینێ و هەوڵ دەدات بنەماڵە پیرۆزەکەی لە ژێر شەوارەی ئەو وەحشەتەدا دەرباز بکات. وەک یۆسف (باوکی مەسیح) کە لە هەراسی هێرۆدس، بنەماڵەکەی لە “بیت الحم”دەرباز کرد و کۆچیان کرد بەرەو میسر. یۆف و میا و میکائیل، سێ مرۆڤ، کە لە ئامێزی تاعوون و هەژاریی سەدەکانی ناوەڕاستدا وەک چەند شانۆکار و کۆچەرییەک دەژین، دواجار دەربازدەبن لە هەموو ئەو هەڕەشە ترسناکانەی کە بەردەوام ڕوویان تێدەکات. ئەوان لەم فیلمەدا ڕزگاربووەکانن و ڕەمزی ئەم ڕزگاریەش لە هێز و وزەی ئەو عەشقەدایە کە ئەم سێ جەستەی پێکەوە لکاندووە. عەشقێک؛ کە توانای پاراستنی ژیانی لە بەرامبەر مەرگدا هەیە .
بێرگمان خۆی دەربارەی ئەم فیلمە دەڵی: لەو سەردەمەدا دوودڵییەکی زۆرم دەربارەی ئیمانی مەزهەبی هەبوو. بۆیە ئەم دوو دڵییەم لە فیلمەکەدا ڕەها کرد و ڕێگەمدا ئەم دوو باوەڕە دژوازە هەر یەکەو بە زمانی خۆیان باسی ئەزموونەکەیان بکەن.
فیلمی مۆری حەوتەم سەرەتای هاوکاری بێرگمان و ماکس ڤۆن سیدۆی ئەکتەر بوو کە ساڵانێکی زۆر درێژەی پێدرا. هەروەها وودی ئالێن ئەم فیلمە وەک قوتابخانەیەکی گرنگ دەناسێت و لە فیلمی “عەشق و مەرگ” یشدا ئاوڕی لێدەداتەوە.

 

شیلکە کێویەکان

(Wild Strawberries)

۱۹۵۷

 

لە سەرەتای دەیەی چوارەمی ژیانی بێرگماندا و لەو کاتەدا کە پەیوەندیە دڵدارییەکەی لە گەڵ بیبی ئەندێرشۆن(Bibi Andersson) تووشی شکست هاتبوو، بێرگمان بە سەیارەکەی خۆی سەفەرێک دەکات بۆ ئەو شوێنانەی کە بە منداڵی تیایدا ژیابوو. سەفەرێک هاوشێوەی سەفەرەکەی ئیسحاق، دەرفەتێکە بۆ وەبیرهێنانەوەی ئەو ئازارە نادیارانەی کە لە ژێر خۆڵی زەمەندا ون بوون، بەڵام کاریگەرییە نەرێنیەکانی بەردەوامن. دوای ئەم سەفەرە بێرگمان تووشی قەیرانی دەروونی دەبێ و دەکەوێتە ژێر چاودێری پزیشکی و سیناریۆی ئەم فیلمەش لە سەر قەرەوێڵەی نەخۆشخانە دەنوسێتەوە.
ئەم فیلمە چ لە ڕووی داڕشتن و ستڕاکچەرەوە. چ لە رووی ناوەرۆکەوە، درێژەی پرۆبلێمەکانی فیلمی مۆری حەوتەمە و دەتوانین بڵێین کە پرۆفێسۆر ئیساک بۆرگ (Victor Sjöström )، لە سەردەمێکی دیکەدا و لە جیهانێکی نوێتردا هەمان هاوکێشەکانی ئانتۆنیۆس بلۆکی هەیە و بە هەمان ئازارەوە دەتلێتەوە.
لە مۆری حەوتەمدا “یۆنس” لە کاتێکدا دەبێتە هاوڕێی سەفەرەکەی ” بلۆک” کە ئیمانی بە حەقیقەتەکانی سوارچاکەکە لە دەست داوە و لەم فیلمەشدا “ماریان” (Ingrid Thulin) لە کاتێکدا دەبێتە هاوڕێی ئیساک بۆرگ کە بە بەزەییەوە سەیری ئیساک دەکات و بڕوای بەوە هەیە کە ئەم پرۆفێسۆرە پیرە نە تەنیا بۆ ئەوانی تر، بەڵکو بۆ کورەکەی خۆشی هیچ سۆزێکی تیا نەبووە و ئەمەش چارەنووسی ئیڤاڵد(Gunnar Björnstrand)ی نووقمی تاریکی و نەفرەت کردوە.
ئەم تێما ئیگزیستانسیالیستی- تیۆلۆژیکیە، تێمای سەرەکی زۆربەی فیلمەکانی قۆناغی یەکەمی سینەمای بێرگمانە: سووکناییدان بە ئازارەکانی ژیان لە ڕێگەی بووژاندنەوەی عەشق. ئەم تێمایە لە گەڵ بێرگماندا و لە یەکەمین فیلمەکانیەوە دەسپێدەکات و لە درێژەی ئەم مێژووە ناوازەدا تووشی قەیران و گۆڕانکاری دەبێت. بەڵام لانیکەم تا فیلمی “شیلکە کێوییەکان” تەنیا ئیمان بە عەشقە کە دەبێتە وزەیەکی گرنگ لە داینامیکی سیناریۆکان و کەسایەتیەکانی بێرگماندا. ئەو وزەیەی کە ئەگەر مرۆڤ بیدۆزیتەوە، پاداشتی ڕزگاری پێدەدرێ و ئەگەر نا، بە مەرگێکی دەروونی سزا دەدرێ. ئەو مەرگەی کە لە مۆری حەوتەمدا بەرجەستە دەبێت و لە شیلکە کێوییەکاندا وەک مۆتەکە و خەونی تاڵ دێتە ژیانی پاڵەوانی فیلمەکەوە. پرۆفێسۆر بۆرگ لە مەودای سەفەرەکەیدا بەرەو وەرگرتنی خەڵاتی کلێسەی گشتی، توانی سەفەرێکیش بەرەو شکستەکانی بکات و سەرەنجام بە دۆزینەوەی ئەو هێڵە نادیارانەی ژیان کە بەشێکی لە ڕابڕدووی لەدەستچوودایە و بەشێکی دیکەشی لە واقیعدا، توانی خۆی لەو مەرگە دەرباز کات. هاوسەفەرەکانی بۆرگ وەک پاژێک لە ڕابردووی شکستخواردووی ئەو پیرە پیاوەن. وێڕای ماریان کە وەک پەیکەرەیەک لە شکستەکانی ئیساک بەردەوام دوای کەوتووە، سارا (Bibi Andersson) و هاوڕێکانی بەشیکی دیکە لەو شکستەن کە وەک هێمایەک بۆ گەنجێتی ئیساک هاتوونەتە ناو ئوتومبێلەکەی و ژن و مێردە ئاڵمانیەکەش وەک سێبەرێک لە ژیانی خێزانی ئیساک ماوەیەکی کوورت دەبنە هاوسەفەری. ئەو هاوکات لە گەڵ هەموو پاژەکانی ۷۶ ساڵ تەمەنیدا سەفەر دەکات و تەنیا ئەو کاتە بزەیەکی ڕاستەقینە دێتە سەر لێوی کە هەموو ئەو کەسایەتیانە بە لێبووردەییەوە جێیدەهێڵن. ئەو لە گەڵ ڕابردوویدا ئاشت بوەتەوە و ئیدی توانای “داوای لێبوردنی” هەیە.( ئاماژە بەو دیمەنەی کە ئیساک داوای لێبوردن لە ئاگدا (Jullan Kindahl)ی خزمەتکاری دەکات) بۆیە دواخەونی ئیساک بۆرگ ئەگەرچی هیچ چەمکێکی زەق و بەرجەستەی تیا نییە، بەڵام وێنای دەربازبوونی لە شەوارەی ئەو مۆتەکە پێوەدیارە.
بێرگمان لە یەکەمین سێکانسی ئەم فیلمەدا خاڵێکی بچووک دابین دەکات کە هاوکات خاڵی هاوبەشی و دژوازی دوو بەرهەمی گرینگییەتی لە ساڵی”۱۹۵۷″دا. پێش ئەوەی کە ئیساک لە ژوورەکەی بچێتە دەر بۆ چرکەیەک سەیری مێزی شەترەنجەکە دەکات و دوای دڕدۆنگییەکی کورت بڕیار دەدات لە جیاتی یاری شەترەنج ، ژوورەکەی بە مەبەستی نانخواردن جێبهێڵێ. بێرگمان هەر لە سەرەتاوە پێمان دەڵی ئەگەرچی ئیساک کەسایەتیەکە لە شێوەی بلۆک، بەڵام تەنانەت ئەگەر بلۆکیش خۆی بە یاریکردن لە گەڵ مەرگ نەسپێردایە، دەکرا وەک ئیساک رزگار بێت. ئەم فیلمە بە شێوازێکی ڕاستەوخۆ، وڵامی هەموو ئەو پرسیارانەیە کە مۆری حەوتەم بە جێییان دێلێت.
یەکێکی دیکە لە هۆکارەکانی درەوشانەوەی فیلمی شیلکە کێوییەکان بەشداربوونی ڤیکتۆر شویسترۆمە لە دەوری ئیساکدا. ڤیکتۆر شویسترۆم یەکێک لە بەناوبانگترین دەرهێنەرەکانی سینەمای بێدەنگی سوید و تەنانەت وێنەکانی یەکەمین خەونی ئیساک لەم بەرهەمەدا، لە فیلمی کالیسکەی شەوارەکانی ئەو دەرهێنەرە وەرگیردراوە. بێرگمان دەربارەی گرنگی بەشداربوونی ڤیکتۆر شویسترۆم دەڵێ:” ئەو دەقی سناریۆکەی لە من وەرگرت. بە شێوازێکی تایبەت بە خۆی دایڕشتەوە. ئەو هەموو ئەزموونەکانی لە ئازار، بێڕەحمی، پەژارە، ترس، تەنیایی، هیز و گەرمای ژیان، تووڕەیی و بێزاری تێکەڵ بەم فیلمە کرد. چیتر ئەم بەرهەمە بە تەنیا بەرهەمی من نەبوو. فیلمێکی ڤیکتۆر شویسترۆم بوو”.

 

ئەم وتارە درێژەی هەیە …