ادبیاتشعر

شێعر: ئێستا ئەرمیا

⇓لێرەوە دەتوانی گوێ لەم شێعرە بگریت⇓



هێشتا لە سەر گەرووم زامێکە

نە ئاوێنە دەیبینێت

نە چاوی پسپۆرەکان

نە تۆ ئەی مەعشوقەی بێخەبەر!

 

هێشتا لە سینگمدا دۆعایێکە

نە ئاو دەبیسێت

نە تیشکی ساوای بەرەبەیان

نە تۆ ئەی پەروەردگاری بێدەنگ!

 

من پەراوێزم پەڕاوێز

پەراوێز یانی وەحشەت لە قوژبنی ماڵێکی کرێدا

پەراوێز یانی زەمزەمەی شتێک لە دەیجووری قەراخ شارێکا

پەراوێز یانی شیوەن بە تاکە دلۆپێ فرمێسک

پەراوێز یانی ناوێکی نەنووسراو لە لیستی کارگەیەکدا

 

ئێستاش لە پانتۆڵێکی سەر ئەژنۆ سواو

ئاماژەی  سووری ئەم سەردەمەم

کە بە نینۆک لە سەر دەرگای مستەراوەکان

ئومێدی رزگاریتان بۆ ئەنووسم

 

ئێستاش لە نوقمی تاریکی چۆڵەوانیەکانی نیوەشەو

بە دوو دەستی  ئاوێزان لە دوو گیرافانی چۆلدا

بە دەم هێڵنج و حیلکەوە

گۆرانیە کۆنەکانی  سەر زاری شەهیدەکانتان بۆ ئەڵێمەوە

تا بڕوا بکەن هێشتا کەسێک  ماوە کە گۆرانی بڵێت

هێشتا کەسێک ماوە کە ئیمانی بە رزگاربوونە

هێشتا لە جەستەی سەرخۆش و ماندوویدا ئەتوانێ سەما بکات

هێشتا لە پۆلیسەکان ناترسێت،

لە برسیەتی ناترسێت

لە گیرفانە چۆڵەکانی ناترسێت

لە سەرمای سەخت و ئێسقان شکێنی زستانەکانی غوربەتدا

خۆی بە هەڵهاتن گەرم ئەکاتەوە

یان لە ترسی ئاوارەیی باوەش بە وڵاتەکەیدا ناکات.

 

من منداڵی زەویم

زەوینی ئەو گۆڕستانە تەریکانەی کە لە سەر بەردی قەبرەکانی ناوی کەس نەنوسراوە

زەوینی ئەو ماسیگرە تووڕانەی کە هێندە بەختیار نەبوون لە سەر تەختی نەخۆشخانەیەکدا بمرن

زەوینی ئەو منداڵانەی کە لە باوکیاندا بە شوێن پیاوێکی مەزندا ئەگەڕان،

بەڵام سەرئەنجام قومارچیەکی دۆڕاویان دۆزییەوە

زەوینی ئەو گەنجانەی کە لە گەرمەی ئاهەنگی جەژنێکی نەتەوەییدا

شەرم لە جلەکانیان دەکەن

بەڵام لەباتی کشانەوە

جەستەیان بە جنونی سەما ئەسپێرن

زەوینی ئەو قەرەجانەی لە لپی دەستی رێبوارە ترساوەکاندا

بە شوێن هێڵی ونبووی بەختەوەریدا دەگەرێن

بەڵام نایدۆزنەوە

نایدۆزنەوە

نایدۆزنەوە.

 

من منداڵی زەویم

زەوینی ئەو لەشفرۆشانەی کە بە تاقی پەنجەرەی ژوورە تاریکەکانیانەوە

وێنەی کۆنی بنەماڵەیەک هەلواسراوە

کە تیایدا کچۆڵەیەک لە باوەشی باوکیدا

سەیری باڵندەیەکی دوور لە قووڵایی ئاسماندا دەکات.

 

ئێستا دووبارە سەیرم کە

نامناسیتەوە؟!

من ئەرمیای نەبیم!

هێشتاش لە سەر گەرووم زامێکە

نە ئاوێنە دەیبینێت

نە چاوی پسپۆرەکان

نە تۆ ئەی مەعشوقەی بێخەبەر!

هێشتاش لە سینگمدا دۆعایێکە

نە ئاو دەبیسێت

نە تیشکی ساوای بەرەبەیان

نە تۆ ئەی پەروەردگاری بێدەنگ!

 


ئاخۆ لە کردەوکانی خۆیان شەرمەزار بوون؟
نا، ئەوان  قەت شەرمەزار نابن
تەنانەت ناشزانن مانای سوورهەڵگەران لە شەرمدا چیە؟
تەوڕات. کتێبی ئەرمیای نەبی.۶:۱۴


Are they ashamed of their detestable conduct
No, they have no shame at all
they do not even know how to blush
bible.Jeremiah. 6:14