سینمانقد فیلم

سترۆمبولی – لووتکەی ئاگرینی نیوریالیزم

ئەگەر بمانهەوێت بە حەزێکی لۆژیکەوە تاو بدەینە خوێندنەوەی نیوریالیزمی ئیتالی کەواتە باشترین نمونە و خراپترین نمونە “رۆبێرتۆ رۆسیلینی ” ه. ئەو دەرهێنەرەی کە لە سنوورەکانی نیوریالیزمدا دەژیت  و تەنانەت برێکجار نزیکبوونەوەی لە پێرسۆناکان هێندە زیادەیە کە دەرونشیکارانە دەنوێنێت. نیوریالیزم لە دڵی فاشیسمی سەردەمی “مۆسیلینی”ەوە سەری هەڵدا و لە ماوەیەکی زۆر کوورتدا توانی بەرەنگاری خوودی فاشیزم ببێتەوە.  سەرەتای ئەم قوتابخانە گرینگە کە یەکێک لە دیارترین قۆناغەکانی مێژووی سینەمایە دەگەرێتەوە بۆ ئەو کاتەی کە “ویتۆریۆ مۆسیلینی” واتە کووری “مۆسیلینی” دەرگای گەورەترین پرۆژەی سینەمایی ئیتاڵی بە ناوی “چینێ چیتا” یان “شاری فیلم” لە ١٩٣٧ دا کردەوەو لە ژێر چاودێری خۆیدا  سەنتەرێکی بۆ فێرکاری سینەما پێکهێنا کە بوو بە هەوێنی ئەو شۆرشە گەورە لە سینەمادا. شەوارەی شەڕی دووهەمی جیهانی بە سەر ئاسمانی هەموو ئەوروپا دا باڵی کێشا و لە ژێر بۆردومانی هێزەکانی دژی موسیلینی دا، ستۆدیۆکانی چینێ چیتا وێرانکراو تەنانەت بوو بە کەمپی ئاوارەکان و کۆیلەکانی سەردەمی شەر. نەبوونی ستۆدیۆ و خوودی بارودۆخی سیاسی ئیتاڵی دەرفەتێکی نوێی بە سینەماکارەکانی ئەو سەردەمە بەخشی تا بە شێوازێکی راستەوخۆ بەرامبەر ببنەوە لەگەڵ دیاردە کۆمەڵایەتیەکانی ئەو ساڵانە کە بریتی بوو لە کۆیلەیی و چەوسانەوەو بێدەرەتانی بۆ چینە لاوازەکانی کۆمەڵگا.هەر لێرەوە نیوریالیزم رێگایەکی کردەوە بۆ هێنانە ئارای چەمکە فەلسەفیەکانی مارکس لە سینەمادا. واتە بەرامبەر کردنەوەی بینەر لەگەڵ شوناسی کۆمەڵایەتی مرۆڤ  و پرس لە ئۆرگانیزمی ئەو دارشتە ئابووریەی کە ژیانی رۆژانەی هەر مرۆڤێک دەخاتە ژێر جەختی هەراس و مەترسیەوە. وەها کە چیتر مرۆڤ تا پێست و ئێسقان لە خۆی تەریک و بێگانە دەبێت. هەر بە پشتبەستن بەم هۆکارەوەیە کە نیۆریالیستەکان کامێراکانیان لە ستۆدیۆ وێرانەکانی چینێ چیتا  هێنایە دەر و خۆیان لە سیاسەتەکانی بزوتنەوەی نەهزەی مقاومەتی ئیتالی نزیک کردەوە. لە واقیعدا ئەو بزوتنەوە لە ژێر کاریگەری مارکسیستەکاندا  ئۆمێدی دەربازبوونی مرۆڤ لە بەندی چەوسانەوەو هەر جۆرە رەوتێکی ناعادلانەی بە ئیتالیەکان دەبەخشی و دەرهێنەرە نیوریالیستەکانیش کە “رۆسیلینی” لە ریزی یەکەمیاندا بوو، توانیان ئەم گووتارە بکەنە ئایدیای سەرەکی بەرهەمەکانیان.

رۆسیلینی لە ١٩٤٨ دا نامەیەکی لە لایەن” ئینگرید بێرگمان ” ەوە بۆ هات کە تیایدا ئەو ئەکتەرە بەناوبانگە سویدیە حەز و  ئامادەیی خۆی بۆ هاوکاری  لە گەڵ رۆسیلینی دا دەربریبوو. ئینگرید بێرگمان لەو نامە کورتەدا نووسیبوی تەنیا شتێک کە لە زمانی ئیتالی دەزانێت “Ti Amo “ ە . واتە: خۆشم دەوێیت. ئەمە پەیامێکی دلخۆشکەر بوو بۆ رۆسیلینی و ئەم نامە بوو بە دەسپێکی دوو بابەت لە ژیانی ئەودا. واتە هاوسەرگیری لەگەڵ ئینگرید بێرگمان و بەرهەمهێنانی فیلمی “سترۆمبولی” بە رۆلی سەرەکی بێرگمان لەو فیلمەداو لە هەمان ساڵدا. هەر لێرەوە دەردەکەوێت کە رۆسیلینی تەنانەت بەرزتر لە سنورەکانی نیۆریالیزم،  ژیانی تێکەڵ بە سینەما دەکات. سترۆمبولی بەراستی جێژوانی هۆلیود و نیۆریالیزمی ئیتاڵی بوو. کارین (ئینگرید بێرگمان) لە تاو هێرشی نازیەکان بەرەو ئیتالی هەڵاتوەو سەرەرای هەموو هەوڵێک  ناتوانێت ڤیزای ئەمریکا وەرگرێت  و لە رووی ناچاریەوە لەگەڵ سەربازێکی ئیتالیدا کە هیچ لە زمانی یەکدی تێناگەن هاوسەرگیری دەکات و بە حوکمی یاسا لە گەڵ هاوسەرەکەی رێدەکەوێت بەرەو سترۆمبولی کە جەزیرەیەکی تەریکەو هیچ شێوەی ئەو شوێنە نادات کە لە خەونەکانی ئەو کچە گەنجەدا هەبوو.  سترۆمبولی  پەیکەرێکی ئاسنین لە ئەخلاقی مۆراڵ و کولتوری پاستۆراڵە کە هیچ حەز بە وەرگرتنی ئەو میوانە شارنشێنەی ناکات کە بۆنی مۆدێرنیسمی لێدێت. هەموو هێزەکان دژی ئینگرید ەو ئەویش هەموو دەرفەتەکان بۆ دەربازکردنی خۆی لەو جەزیرە مۆراڵە تاقیدەکاتەوە. لە وروژاندنی نامورادانەی قەشە ئیماندارەکەی سترۆمبولیەوە بگرە تا دارشتنی پلانی هەڵاتن لەگەڵ یەکێک لە پیاوە ماسیگرەکانی ئەو جەزیرە.

رەفتاری رۆسیلینی لە گەڵ ئەم فیلمە تەنانەت زیاتر لە “ئالمانیا، ساڵی سفر” داکیۆمێنتاری بوو. بەشێکی زۆری ئەکتەرەکانی فیلمەکە پێکهاتوون لە خوودی دانیشتوانی سترۆمبولی و لۆکەیشنەکان کەمترین دەسکاری دەکرێن  و تا ئەو رادەی کە دەرفەت هەبێت لە ریالی جوگرافیا و کولتوری سترۆمبولی نزیکمان دەکاتەوە. لێرەوەیە کە دەتوانین هەست بە چەمکی فۆرمی فیلم بکەین. ئەویش لە کاتێکدا کە فیلم جگە لە چێرۆک و پێوەندی نێوان ئەکتەرەکان بە زمانی سینەماتوگرافی دێتە بگۆ. تەنانەت لە مۆنتاژی فیلمەکەشدا هەر پلانێک تا ئەو کاتە لە سەر شاشە دەمێنێتەوە کە گرینگترین ئەکسیۆنەکان تیایدا روویدابێت. واتە پرۆبلێمی رۆسیلینی تەنیا خۆی بە چیرۆکەوە نابەستێتەوەو هەموو هەوڵی دەدات کە لە رێگەی ستراکچێری  فیلمەکەوە بگاتە زمانێکی یونیک و تاک و راستگۆ بۆ دەربرینی شاراوەترین رواڵەتەکانی شەر. ئەگەر “ئێدمۆند” ی “ئاڵمانیا ، ساڵی سفر” لە تاو پەژارەی شەر لە بینایەکی نیوەکارەی بەرلینەوە خۆی فرێدەداتە خوارو دەمرێت ، “کارین” ی سترۆمبولی لە داوێنی کێوی ئاگرینی جزیرەی سترۆمبوولی و لە تاو پەژارەی مۆراڵی دژە مۆدێرن، دژە ژن، دژە ستاتیکا، مەرگ لە ئامێز دەگرێت. شەوارەی مەرگ بەردەوام سێبەری بە سەر پێرسۆناکانی رۆسیلینی دا راکێشاوەو لە هەمو گۆشەو قوژبنێکی ئەوروپادا تەنیا مەرگە کە چاوەروانە.

سترۆمبولی درزێکی گەورەی لە بینەرەکان و رەخنەگرە جیدیەکانی ئەو سەردەمەدا پێکهێناو بوو بە سەبەبی موناقشەیەکی گەورە لە “کایێ دو سینەما” و تەنانەت “ئاندرێ بازێن” وەک شکستێک بۆ رۆسیلینی ناوی لێهێنا. ئەوان داوای رۆسیلینی سەردەمی “رۆما، شاری بێ دەروازەیان” ئەکرد و چیدی ئەو دەرهێنەرە رەوتێکی تری گرتبوە بەر. ساڵی ١٩٥٩ لە وت و وێژێکی درێژدا لە گەڵ ئێریک رۆمێر و فرانسوا ترۆفۆ (دوو دەرهێنەری بەناوبانگی شەپۆلی نوێی فەرەنسە) ئاماژە دەدات بە داڵغە دەروونی و ئەخلاقیەکانی خۆی بۆ سینەما و بەم شێوە دارشتەی پرێنسیپە تایبەتەکەی خۆی لە سیاسەتی فیلمدا ئاراستە دەکات: مرۆڤ بۆتە کۆیلە و مێژووی مرۆڤ پێکهاتەی کۆمەڵێک رێگایە لە کۆیلەتیەوە بەرەو ئازادی … لە جیهانی مۆدێرندا کۆیلەبوونێکی نوێ سەری هەڵداوە کە نێوی داسەپانی ئایدیاکانە. لە چیرۆکە پۆلیسیەکانەوە بگرە تا رادیۆ و سینەما و میدیاکانی تر. بە هۆی پێشکەوتنی تەکنۆلۆژیا مرۆڤ لە بوارە تایبەتەکاندا بوەتە خاوەن زانستێکی قووڵ . کەواتە بۆ ئەوەی ئەم مرۆڤە لە کۆمەڵگادا کاریگەر بێت لە بوارەکانی تری زانست بێبەش دەکرێت. یان بە زمانێکی تر لە روویێکەوە خاوەن زانستێکی قووڵین و لە روویێکی ترەوە لە جەهالەت و نەزانیندا دەژین.

ئەگەر بە شێوازێکی تێماتیک لە سینەمای رۆسیلینی نزیک ببینەوە سەرئەنجام دەگەینە ئەو کۆیلە مۆدێرنەی کە لەم وت ووێژەدا هێرشی دەکاتە سەر.